کۆمپانیاکان پیشەسازی ئۆتۆمبێل دووچاری قەیران دەبن
K24 - ھەولێر
بەھۆی جێھێشتنی ئێران لەلایەن چەند كۆمپانیایەكی گەورەی ئۆتۆمبێلەوە، قەیران لە بەرھەمھێنانی پیشەسازی ئۆتۆمبێل دروست دەبێت.
وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی لە ئێران رایگەیاند، ئاستی بەرھەمھێنانی ئۆتۆمبێل لە وڵاتەكە تێكڕای 4 ھەزار ئۆتۆمبێلی تێپەڕاندووە لە رۆژێكدا و كەرتی ئۆتۆمبێل لەم كاتەدا گەشەسەندنی تۆماركردووە، لە كاتێكدا كە چەند لایەنێك پێشبینی ئەوەیان دەكرد كارگەكان لەكار بكەون و ئەو كەرتە بەھۆی سزاكانی ئەمەریكاوە پەكی بكەوێت.
راشیگەیاند، سەرەڕای ئەوە گەشەسەندنە، كۆمپانیاكانی وەك ئێڵ جی و سامسۆنگ نمایشكردنی بەرھەمەكانیان لە ئێران راگرت و جگە لەوەش ھەردوو كۆمپانیای بیجۆ و رینۆ بازاڕەكانی ئێرانیان جێھێشت و بەھۆیەوە سەدان ھەزار خواست لەسەر ئۆتۆمبێل راگیراوە و كێشە لە رادەستكردنی ئۆتۆمبێل دروستبووە و بەھۆیەوە مەترسی دروستبوونی قەیران لە بەرھەمھێناندا ھەیە.
ھ.م