كوردستان 24 هاوڕێ له‌گه‌ڵ كۆڵبەران ده‌چێته‌ رێگه‌ سه‌خته‌كان

گیان لەدەستدانی فەرھاد و ئازاد باسی كۆڵبەرانی گەرم كردووەتەوە
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

دۆخی كۆڵبەران لە رۆژھەڵاتی كوردستان رۆژ لەگەڵ رۆژ خراپتر دەبێت، دوای ئەوەی دوو برای مێرمنداڵی گوندی نێی مەریوان بەھۆی سەرما گیانیان لەدەستدا، بەرپرسانی ئێران ھاوخەمی خۆیان دەربریوە، بەڵام كۆڵبەرێك داوا لە كوردستان 24 دەكات كە بە ھانایانەوە بچن و دەلێن كۆڵبەران لە دۆخێكی كارەساتباردا دەژین.

بەردەوام ھەڕەشەی فیشەك لەسەر كۆڵبەران ھەیە، زستانان بەفرو باھۆزو رنووشی ھاتووەتە سەر، بە گیان لەدەستدانی ئازاد و فەرھاد خسرەوی كە دوو بڕای مێرمنداڵی كۆڵبەر بوون، جارێكیتر باسی كۆڵبەری لەو زستانەدا گەرم بووەتەوە.

دوای ئەوەی تەرمی فەرھادی تەمەن 14 ساڵان دوای چوار رۆژ گەران لەژێر بەفردا له‌ ژاڵانە دۆزرایەوە، بەرپرسانی ئێران ھاوخەمی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی فەرھاد و ئازاد دەربڕی، لەفەرماندەی سوپای پاسدارانی سنەوە بگرە ھەتا جێگری سەرۆك كۆمار و گوتەبێژی حكومەتی ئێرانیش، پێشتریش لە بەرزترین ئاستدا بەلێن درابوو كە چارەسەرێك بۆ دۆخی كۆڵبەران بدۆزنەوە.

پەرلەمانی ئێرانیش بڕیاربوو یان دۆخی گوزەرانی خەڵكی سەرسنوور چاك بكەن یانیش كۆڵبەرەكان رێكبخەنەوەو رێگە لە كوشتنیان بگرن، بەڵام ھیچیان جێبەجێ نەكراون، لە یەك مانگی رابردوودا 25 كۆڵبەر لە رۆژھەڵاتی كوردستان كوژراون و بریندار بوونەو زۆربەشیان بە فیشەكی راستەوخۆی ھێزە ئەمنییەكانی سەر سنوور بووەو بە قسەو لێدوانی بەرپرسانیشەوە دیارە كە چیرۆكی كۆڵ و گوللـە و نان  لەو سنوورانە جارێ ھەر بەردەوام دەبێ.