وەبەرھێنەرە بیانییەكان عێراق جێدەھێڵن
K24 - ھەولێر
وەبەرھێنەرە بیانییەكان لە كەرتی وزە دەستیان بە كشانەوە لە عێراق كردووە و روو لە وڵاتانی دیكە دەكەن.
ئاژانسی ئەسوشێتدپرێس-ی ئەمەریكی ئاشكرای دەكات، وەبەرھێنەرە بیانییەكان دەستیان بە كشانەوە لە عێراق كردووە، ھۆكارەكەشی بۆ ئەو خۆپیشاندانە دەگەڕێننەوە كە لە وڵاتەكەدا ھەیە و لە ئەنجامدا دۆخی وڵاتەكە ناھەموار بووە.
ئاژانسەكە لە راپۆرتێكیدا لەسەر زاری گەورە بەرپرسانی وەزارەتی نەوت رایگەیاندووە، ھەرچەندە تا ئێستا گرژی و ئاڵۆزیی لە عێراق بەردەوامە و ھاوكات سەرەڕای داخستنی رێگەكانی بەرەو كێڵگە نەوتییە گەورەكانی باشووری عێراق لەلایەن خۆپیشاندرانەوە، بەڵام كاریگەرییەكی جددی لەسەر شادەماری ئەو وڵاتە نەبووە كە ئەویش نەوتە و بەرھەمھێنانی نەوت وەك خۆیەتی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەیان بەوەداوە كە بەھۆی ئەو دۆخەوە وەبەرھێنەری بیانی دەكشێتەوە و ئەوەش وادەكات كە لە داھاتوودا ھەڕەشەیەكی گەورە لەسەر وەبەرھینان دروستدەبێت.
ھ.م