بڕیارێك لەبارەی ھێنانی ئۆتۆمبێلی لێدراو دەدرێت
K24 - ھەولێر
بەگوێرەی بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان، لە سەرەتای مانگی یەكەمی ساڵی داھاتوو ھێنانی ئۆتۆمبێلی لێدرا و ژێرئاو كەوتوو بە ھەموو جۆرێك قەدەغە دەكرێت.
لە نووسراوێكی وەزارەتی ناوخۆ كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەتووە، تێیدا ھاتووە: "لە 1/1/2020 ھیچ جۆرە ئۆتۆمبێلێكی (لێدراو، چاككراو، ژێرئاو كەوتوو) ناھێندرێتە ھەرێمی كوردستان و نابێ ئۆتۆمبێل ھیچ جۆرە لێدراوی پێوە دیار بێت و ئۆتۆمبێلی كیلۆمەتر سفر بەپێی مۆدێل رێگەی ھاوردە كردنی پێدەدرێت".
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشكردووە: "ھەر كەس و لایەنێك سەرپێچی ئەم بڕیارە بكات، رێكارەكانی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و ئۆتۆمبێلەكە دەگەڕێندرێتەوە ئەو شوێنەی لێی ھاوردە كراوە".