كه‌سایه‌تییه‌كی دیكه بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كاندید ده‌كرێت
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، 25/12/2019، سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت به كه‌ناڵی سكای نیووز عه‌ره‌بی گوتووه، هاوپه‌یمانێتی بونیاد، بڕیاریداوه له بری قوسه‌ی سوهه‌یل، ئه‌سعه‌د ئه‌لعیدانی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌یرانی عێراق كاندید ده‌كات، له هه‌مان كاتدا خۆپیشانده‌ران هاتوچۆیان له‌سه‌ر پردێكی باشووری عێراق راگرتووه و كاندیدكردنی هه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی بۆ ئه‌و پۆسته ره‌تده‌كه‌نه‌وه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌كه‌ی سكای نیووز، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دوای كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له ماڵی هادی عامری، ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌در، بڕیاری كاندیدكردنی ئه‌سعه‌د ئه‌لعیدانی دراوه. ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه بڕیاریانداوه به نووسراوێك ناوی عیدانی ره‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق بكرێت تا بۆ پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ ده‌ستپێبكات و كاندیده‌كه‌یان بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران رابسپێردرێ.
به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌لعیدانی كه پارێزگاری به‌سره‌یه، رووبه‌ڕووی هه‌مان چاره‌نووسی ناوه‌كانی دیكه‌ی پێش خۆی ببێته‌وه كه له چه‌ند رۆژی رابردوودا خرابوونه روو و دیارترینیشیان قوسه‌ی سوهه‌یل بوو، به‌ڵام چانس یاوه‌ری نه‌بوو. به‌تایبه‌تی هێشتا خه‌ڵكی باشووری عێراق هه‌وڵه‌كانی عیدانییان بۆ ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر خۆپیشانده‌رانی باشوور له خۆپیشاندانه‌كانی ساڵی رابردوودا بیرنه‌چووه‌ته‌وه.
به‌ڵام تا ئێستا لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان به فه‌رمی ئه‌و زانیاریانه‌یان پشتڕاست نه‌كردووه‌ته‌وه.