دانەگاز 42 ملیۆن دۆلاری شایستە داراییەكانی وەرگرت

دانەگاز كارەكانی لە بواری گەڕان بە دوای نەوت و بەرھەمھێنان لە ھەرێمی كوردستان فراوان دەكات

K24 - ھەولێر

كۆمپانیای دانەگاز لەبەرامبەر كارەكانی لە كەرتی نەوت، بەبڕی 42 ملیۆن دۆلاری وەكو شایستەی دارایی لە پێرێل پترۆلیۆم وەرگرتووە.

كۆمپانیای دانەگاز ئیماراتی لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد ، خەرجكردنی ئەو 42 ملیار دۆلارە لایەن پێرێل پترۆلیۆم دوای وەرگرتنی 121 ملیۆن دۆلار دێت كە لایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەماوەی ئەمساڵدا بۆیان خەرجكراوە.

كۆی خەرجكردنی بڕی شایستە داراییەكانیش لەكاتی كاركردنیان تاكو دەگاتە 400 ملیۆن دۆلار.

كۆمپانیای دانەگاز ئاماژەی بەوەشكردووە، لەماوەی ئەمساڵدا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان 121 ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجكردوون، ئەم بڕە پارەیەش بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادیكردووە، بەردەوامیش دەبن لە پەرەپێدان بە كێڵگەی نەوتی كۆرمۆر و بەرزكردنەوەی ئاستی نەوت و گاز لەو ناوچەیە.

كۆمپانیاكە لە راپۆرتەكەی ئەوەشی خسووەتەروو، بەشێوەیەكی رێكوپێك ئەمساڵ لەكاتی خۆی شایستە داراییەكانیان لە بەرامبەر بەرھەمھێنان و فرۆشتنی نەوت و گازی ھەرێمی كوردستان وەرگرتووە، ھەروەھا دەڵێت، بە خەرجكردنی ئەو شایستە داراییانە متمانەیان بە كەرتی نەوتی كوردستان زیاتر بووە و كارەكانیشاین لە بواری گەڕان بەدوای نەوت و بەرھەمھێنان فراوان دەكەن، بەتایبەتی لە پلانەكانیان ھەوڵدەدەن رۆژانە 250 ملیۆن مەتر سێجا گاز بەرھەم بھێن و بەو شێوەیەش تاكو ساڵی 2022، %60ی ئاستی بەرھەمھێنانی گاز بەرزدەكەنەوە.

دانەگاز ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو پرۆژەیە ساڵانە داھاتێك لەنێوان 175 تاكو 200 ملیۆن دۆلار بەدەست دەخەن، لە ھەمانكاتدا كاریگەری دەبێت لەسەر دابینكردنی بڕی گازی پێویست بۆ وێستگەكانی كارەبای ھەرێمی كوردستان.

کۆمپانیای دانەگاز كە گەورەترین كۆمپانیایە نەوت و گازە لە رۆژھەڵاتی ناوەراست، بە ھەماھەنگی کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆلیۆم لە هەرێمی کوردستان پەرە بە کێڵگە نەوتییەکانی کۆڕمۆر و چەمچەماڵ دەدات، لە ساڵی 2017دا چەندین رێککەوتنی نوێ لەنێوان دانەگاز و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە بازاڕکردنی گازی سرووشتی واژۆ کراوە.

ھ.م