ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ی ئه‌مساڵ زۆرترین قازانجیان كردووه‌ ئاشكراكرا

پێنج كه‌سیان زۆرترین داهاتیان هه‌بووه‌

K24 - هه‌ولێر:

نوێترین راپۆرت لەسەر دەوڵەمەندەكانی جیھان بڵاوبووەتەوە و زیاتر لە 2 ھەزار دەوڵەمەند ناویان لە لیستەكەدا ھاتووە و لە ناو ئەو ژمارەیە تیشک خراوەتە سەر 5 كەس، بەو پێیەی ئەو داھاتەی كە لەسەر سامانەكانیان زیادیكردووە، زیاترە لەوانەی دیكە، بەجۆرێك توانیویانە بڕی 112 ملیار دۆلار بەدەستبھێنن.

 به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی گۆڤاری فۆربیس، بێرنارد ئارنۆڵت، بەڕیوەبەری كۆمەڵەی كۆمپانیا فەرەنسییەكانی لویس ڤیتۆن و مۆوی ھێناسی لە پێشی ھەمووانەوە دێت و كۆی سامانەكەی گەیشتووەتە نزیكەی  108 ملیار دۆلار.

راپۆرتەكە زانیاری لەسەر نزیكەی 2 ھەزار و 200 كەس كۆكردووەتەوە كە ھەر یەكە و خاوەنی سامانێكە كەمتر نییە لە ملیارێك دۆلار و  لەسەر بنەمای پشكی ئەو وەبەرھێنەرانە ئەنجامدراوە كە لە كۆمپانیاكان بە شێوەیەكی ئازادانە مامەڵەی پێوە دەكەن. ھاوكات ئەو گۆرانكاڕییانەی لە كۆی بەھای قەواڵەكانی وەبەرھێنەران روویداوە لە ماوەكانی كانونی یەكەمی ساڵی 2018 تاوەكو كانوونی یەكەمی 2019 .

بەگوێرەی راپۆرتەكە دەركەوتووە كە 5 كەس لەو ملیاردێرانەی ناویان لە لیستەكەدا ھاتووە توانیویانە كۆی 112 ملیار دۆلار بەدەستبھێنن ئەوانەش :

بێرنارد ئارنۆڵت بەڕیوەبەری كۆمەڵەی كۆمپانیا فەرەنسییەكانی لویس ڤیتۆن و مۆوی ھێناسی و لە ماوەی  كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو تاوەكو ئەم مانگە 40 ملیار دۆلاری قازانج كردووە و بەو جۆرەش كۆی سامانەكەی گەیشتووەتە 107 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.

ھەروەھا  مارك زۆگه‌ربێرگ سەرۆكی جێبەجێكاری فەیسبووك، لەھەمان ماوەدا بەھای قەواڵەكانی بەبڕی 22 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە و سامانەكەی گەیشتووەتە  72 ملیار دۆلار .

سەبارەت بە سامانی ئامانسیۆ ئۆرتیگا ، سەرۆكی زنجیرە فرۆشگاكانی زارای ئیسپانی، بەبڕی 17 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار زیادیكردووە و بەو جۆرەش گەیشتووەتە 74 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار .

ھاوكات سامانی ستیڤ باڵمەر ، سەرۆكی پێشووی كۆمپانیای مایكرۆسۆفتی ئەمریكی لەھەمان ماوەدا بەبڕی 16 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار زیادیكردووە و كۆی سامانەكەی گەیشتووەتە 56 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار.

دەربارەی  موكیش ئامبانی، خاوەنی كۆمپانیای  رێڵاینس ئیندستریزی ھیندی، سمانەكەی بەبڕی 16 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار زیادی تۆماركردووە و بەو جۆرەش كۆی سمانەكەی دەگاتە 61 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار.

بەگوێرەی راپۆرتەكەی فۆربیس، سەرەڕای ناكۆكی و جەنگی بازرگانی كە ژمارەیەكی زۆری وڵاتانی جیھانی كردووەتەوە ئامانج، لەگەڵ ئەوەشدا ملیاردێرەكانی ھەموو ھەوڵێكی خۆیان داوە تاوەكو رۆژ بە رۆژ سامانیان زیاتر بكەن و ناویان لە لسیتی دەوڵەمەندەكانی جیھان بمێنێتەوە.