جۆرێكی یارییە ئاگرینەكان قەدەغە دەكرێت

لە بۆنەكاندا خواست لەسەر یارییە ئاگرینەكان زیاد دەكات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لەكاتی  زۆربەی بۆنەكان بە تایبەتی سەری ساڵی نوێ ویستی خەڵك لەسەر یارییە ئاگرینەكان زیاتر دەبێ، ئەم یارییانەش تا رادەیەك لە ناو بازاڕ ھەیە و دەفرۆشرێ. دوكاندارەكان ئامادەنین سەبارەت بەم بابەتە قسە بكەن، بەڵام دەڵێن حكوومەت رێگری نەكردوە لە فرۆشتن، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێریش دەڵێ "ھەر یارییەك رووناكی و جوانی نەبێت و تەنھا دەنگ بێت، بەكارھێنانی قەدەغەیە".

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە سەری ساڵی زاینی، زۆربەی خەڵك، خۆی ئامادە كردوە، لە ناو بازاڕ یارییە ئاگرینەكانیش كڕیاری زۆرتربووە و شوێنی فرۆشتنی ئەو یارییانەش دیاریكراوە، بەڵام ھیچ لە دوكاندارەكان ئامادە نەبوون وێنەیان بگیرێ و باسی جۆری یارییەكان و فرۆشتنیان  بكەن و تەنیا باسی ئەوەیان دەكرد بە ھەموو كەس و ھەموو شوێنێكی نافرۆشن و تەنانەت رێنمایی تایبەت و شێوازی بەكارھێنانی بە كڕیار دەدەن. قایمقامی ھەولێر سەبارەت بەو یارییانە ئاماژە بەوە دەكات "بۆ كڕین و بەكارھێنانی دەبێ لایەنە ئەمنییەكانی شار ئاگادار بن".

رەنگە بەشێك لەو یارییانە خەڵك ئازار بدات و دەنگیان زۆر بێت، لەوبارەوە عەبدولخالق تەڵعەت بەرێوبەری پۆلیسی ھەولێر بە كوردستان24ی گوت: "ھەر جۆرە یارییەكی ئاگرین كە تەنیا دەنگی ھەبێ و ببێتە ھۆی بێزار كردنی ھاووڵاتیان قەدەغەیە".

ھ.م