ئه‌مه‌ریكا خۆی بۆ تۆڵه‌ی حه‌شد ئاماده‌ ده‌كات

ئه‌مه‌ریكییه‌كان چاودێریی گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و سه‌ر به‌ ئێران ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێن، به‌ چڕی چاودێریی بارودۆخه‌ و هه‌ر رێوشوێنێكی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كه‌ین پاش ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك بنكه‌ی سه‌ربازیی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵای عێراق له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ كرانه‌ ئامانج و به‌و هۆیه‌وه‌ 25 چه‌كداری حه‌شد كوژران و 51 چه‌كداری دیكه‌ش بریندار بوون.

له‌وباره‌یه‌وه‌ چه‌ند به‌رپرسێكی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكی كه‌ نه‌یانویستووه‌ ناویان بهێنرێت، قسه‌یان بۆ ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز كردووه‌ و گوتوویانه‌: "بێگومانین له‌وه‌ی هه‌ندێگ گرووپی چه‌كداری ناو حه‌شدی شه‌عبی كه‌ هاوپه‌یمانی ئێرانن به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان وه‌ڵامدانه‌وه‌یان ده‌بێت و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ سه‌رهه‌ڵدانی گرژییه‌كی دیكه‌ له‌ نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێراندا".

یه‌كێك له‌و به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌ به‌ ئاژانسه‌كه‌ی گوتووه‌: "پێموایه‌ كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵا كه‌ به‌ر بۆمببارانه‌كه‌ كه‌وتوون هه‌ر ئه‌وانیش وه‌ڵامیان ده‌بێت و هه‌وڵی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ ده‌ده‌ن".

به‌ڵام به‌رپرسێكی سه‌ربازیی دیكه‌ ده‌ڵێت: "هیچ نیگه‌رانییه‌ك نییه‌ له‌وه‌ی له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو كرده‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ دژی ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئه‌نجام بدرێت".

سه‌رچاوه‌كانی رۆیته‌رز روونیانكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئێستا چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن بزانن گرووپه‌كانی ناو حه‌شدی شه‌عبی و ئێران چ كاردانه‌وه‌یه‌كیان ده‌بێت.

ئێواره‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بنكه‌ و باره‌گاكانی لیوای 45 و 46ـی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵای عێراق و میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێرانیان له‌ پارێزگای ئه‌نبار و ناو خاكی سووریا كرده‌ ئامانج و زیانێكی زۆریان به‌ركه‌وت.

حه‌شدی شه‌عبی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "فه‌رمانده‌یی كه‌رتی ئۆپراسیۆنی جه‌زیره‌ له‌ پارێزگای ئه‌نبار و پێگه‌كانی هه‌ر دوو لیواكه‌ كراونه‌ته‌ ئامانج و به‌و هۆیه‌وه‌ 25 كه‌س كوژراون و 51 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.

برایان هۆك، نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری ئێران له‌باره‌ی هێرشی وڵاته‌كه‌ی بۆ سه‌ر ئه‌و گرووپه‌ چه‌كداره‌ گووتی: "په‌یامێكی روونه‌ له‌لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئێران كه‌ ئه‌مه‌ریكا رێگه‌ به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر پێگه‌كانی و هاووڵاتیانی نادات.