"ئانچیلۆتی سه‌رله‌نوێ داوای سێوه گه‌نیوه‌كه‌ی ریال مه‌درید ده‌كات"
كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری ئیتاڵی له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی ئێڤه‌رتۆن داوای گواستنه‌وه‌ی خامیس رۆدریگێزی ناوه‌راستكاری له به‌رپرسانی یانه ئینگلیزییه‌كه كردووه.
پێگه‌ی ئاسی ئیسپانیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه ئانچیلۆتی زۆر سه‌رسامه به خامیس رۆدریگێز، پێشتر كاتێك ئانچیلۆتی له ریال مه‌درید بوو به‌رپرسانی یانه‌كه ئه‌و یاریزانه‌یان له یانه‌ی مۆناكۆ له‌به‌رخاتری ئانچیلۆتی گواسته‌وه.
پاشان ئانچیلۆتی كه روویكرده یانه‌ی بایرن میونشن، دیسان به‌رپرسانی یانه باڤارییه‌كه له‌سه‌ر داوای راهێنه‌ره ئیتاڵیاییه‌كه ناوه‌راستكاره كۆلۆمبییه‌كه‌یان گواسته‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه ئانچیلۆتی كاتێك هاوینی 2018 ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی ناپۆلی گرته‌ده‌ست هه‌وڵی زۆری دا بۆ ئه‌وه‌ی رۆدریگێز بگوازێته‌وه به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی سه‌ری نه‌گرت، ئێستاش كه په‌یوه‌ندی به ئێڤه‌رتۆن كردووه سه‌رله‌نوێ داوای ئه‌م یاریزانه ده‌كات.
پێگه‌ی گۆڵی ئینگلیزی به مانشێتێك نووسیویه‌تی: ئانچیلۆتی سه‌رله‌نوی داوای سێوه گه‌نیوه‌كه‌ی ریال مه‌درید ده‌كات."
سه‌رچاوه‌كه مه‌به‌ستی له‌م نووسینه ئه‌وه‌یه كه خامیس رۆدریگێز ئه‌گه‌رچی هاوشێوه‌ی سێوێك زۆر به‌نرخ و به‌سووده، به‌ڵام له ریال مه‌درید به‌ره‌و له ناوچوون و ڕزیوبوون ده‌چێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رده‌وام ئانچیلۆتی له هه‌ر یانه‌یه‌ك بێت گرینگی به‌و سێوه‌ی ریال مه‌درید داوه كه رۆدریگێزه.
خامیس رۆدریگێزی ته‌مه‌ن 28 ساڵ، له هاوینی 2014 به به‌های 75 ملیۆن یۆرۆ له یانه‌ی مۆناكۆوه روویكرده ریال مه‌درید، له‌گه‌ڵ یانه‌ی شایانه له كۆی 120 یاری، 37 گۆڵ و 41 ئاسیستی كردووه، له سه‌ره‌تای ئه‌م وه‌رزه‌وه كه ماوه‌ی خواستنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بایرن میونشن كۆتایی هات و گه‌ڕاوه‌ته‌وه ریال مه‌درید ته‌نیا 7 جار به درێسی ریال مه‌درید ده‌ركه‌وتووه و زۆربه‌ی جار به‌هۆی پێكانه‌وه دوورخراوه‌ته‌وه و گرێبه‌سته‌كه‌شی له هاوینی 2021 له‌گه‌ڵ یانه مه‌دریدییه‌كه كۆتایی دێت.