میوزیكژەنێك گەشتیاران بە مۆسیقای كوردی ئاشنا دەكات

رۆژانە لەنێو باخی شاری ھەولێر سۆڵۆ كوردییەكان دەژەنێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

میوزیكژەنێك زۆربەی رۆژەكانی لە ناو باغی شار لە ھەولێر بەسەر دەبات و بە ژەنینی سۆڵۆ كوردییەكان سەرنجی خەڵك و گەشتیاران رادەكێشێت. ئەو باسی ئەوە دەكات بۆ ئەوەی خەڵك زیاتر ئاشنا بن بە موزیكی كوردی ئەم كارەی كردوە و گلەیش دەكات چەندین سەمفونیای كوردی ئامادەیە بۆ ئەوەی تۆمار بكرێت. ئاواتی ئەوەیە تا لە ژیان ماوە خۆی گوێبیستیان بێت، ھاووڵاتیان لە ھەولێر پێشوازی لەوە دەكەن و دەڵێن موزیكی سەرشەقام زیاتر بكرێت، بەڵام با ھونەرمەندان فەرامۆش نەكرێن.

سەلیم چۆڵمەگی، تەمەنی 50 ساڵە و 30 ساڵە كەمانچە دەژەنێت، ئەو بۆ كوردستان24ی باسی لەوە كرد، كە زۆر دڵخۆشە كاتێ خەڵك گوڵی دەدەنێ. سەلیم بژێوی ژیانیشی لەم رێگەوە بە دەست دێنێ و بەشی ناكات.

وەكخۆی باس دەكات، پێشتر لە سلێمانی بووە و چەندین كاری سەمفونیای ئۆركسترایی نووسیوەتەوە، بەڵام تۆمار نەكراوە.

موزیكی سەرشەقام و زیاتر بوونی لە ناو شارەكانی كوردستان، بە تایبەت ھەولێری پایتەخت سیمایەكی دیكە دەداتە شار. بەڵام لە پشت ھەر سۆڵۆی موزیكژەنێك دەیان ئازار حەشار دراوە و ئەم كەسانە و بەرھەمەكانیان بەشێكن لە میراتی كورد و وەك خۆیان باسی دەكەن ژیانی خۆش و بڵاوكردنەوەی بەرھەمەكانیان تا رادەیەك بێ پشتگیرییە و بووەتە خەونێكی مەحاڵ. 

ھ.م