فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا كوژرا

لە گوندێكی سەر بە ناحیەكی سیتەك

K24 – سلێمانی:

كاتژمێر (9:30) خولەكی ئەمشەو لە گوندی قولەڕەشی سەر بە ناحیەی سیتەك، فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ له‌ لایه‌ن چوار چه‌كداره‌وه‌ له‌ ره‌وشێكی ته‌مومژاویدا له‌به‌رچاوی خێزانه‌كه‌ی كوژرا.

تا ئەم ساتە روون نیە هۆكاری هەڵكوتانە سەر ماڵەكە و كێشەكە چییە.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24، له‌ سلێمانی، ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ ناوی سه‌ردار ده‌روێش ژاژڵه‌ییه‌ و ته‌رمه‌كه‌ی به‌ مه‌به‌ستی توێكاری و ئاماده‌كردنی راپۆرتی پزیشكی ره‌وانه‌ی پزیشكی دادوه‌ری سلێمانی كراوه‌. 

لەو بارەیەوە سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، ھۆکاری کوشتنەکە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوەو راستەوخۆ دوای رووداوەکەش ھێزەکانی پۆلیسی سیتەک چوونەتە شوێنی رووداوەکە و ئێستا تەرمەکەی لە پزیشکی داده‌.

گوتیشی: چاوەڕێی راپۆرتی کۆتایی پزیشکی دادی دەکەین و دواتر زانیاری  زیاتر لەسەر رووداوەکە بڵاو دەکەینەوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێتەوە.