قەرزە کەڵەکەبووەکانی عێراق مەترسی گەورە دروست دەكەن
K24 - ھەولێر
سەرەڕای پەسەندنەکردنی بودجە و کۆمەڵێک ئاماژە بە کورتهێنانێکی پێوانەیی، هەروەها زیادبوونی خەرجییەکانی بە تایبەت بەرزبوونەوەی خەرجی مووچە لە 38 ترلیۆن دینارەوە بۆ 52 ترلیۆن، قەبارەیەکی گەورەی قەرزیش لەسەر عێراق کەڵەکە بووە، کە ساڵانە سوودی دێتە سەر. پەرلەمانتارێکی عێراقیش ئەوە بە مەترسی بۆ سەر مووچەی فەرمانبەران ناودەبات و دەڵێت، پێویستە بە زووترین کات چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.
ساڵی 2020 سه‌ره‌تایه‌كی خراپە بۆ عێراقییه‌كان، به‌جۆرێك ئه‌م وڵاته هاوشێوه‌ی دۆخی سیاسی ئابووری نقومی قه‌رزێكی زۆری ده‌رەكی بووه، ساڵ له‌دوای ساڵیش سووی زیاتر ده‌چێته سه‌ر قه‌رزەکان، دانیشتوانه‌كه‌ی بێ‌ئاگا له‌وه‌ی ئه‌م پاره‌یه بۆچی خەرجکراوە و هیچ گۆڕانكارییه‌كیش له ره‌وشیاندا رووینه‌داوه.
عه‌لی به‌دری، ئەندامی ئەنجووممەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: "قه‌رزه‌كانی عێراق هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ مووچه‌ی مانگانه، ئه‌مه واده‌كات كێشه‌كانی عێراق ساڵ له‌دوای ساڵ زیاد بێت، پێویسته حكومه‌تی داهاتوو رێگا چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌م ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، دۆزینه‌وه‌ی میكانزمێك بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان بدۆزێته‌وه، چونكه ئه‌مه بابه‌تێكی ترسناك و زۆر هه‌ستیاره، له داهاتوودا كێشه بۆ ئابووری عێراق دروست ده‌كات".
رێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌لایه‌ك و به‌كارھێنانی عێراق وه‌ك گۆڕه‌پانی ململانێكانی ئه‌مەریكا و ئێران له‌لایه‌كی دیکە. ره‌نگه دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر و دانانی میكانزمێك بۆدانه‌وه‌ی ئه‌م قه‌رزانه بۆ ماوه‌یه‌كی نادیار دوابخات و كه‌س نه‌چێته ژێر باری داناوه‌ی ئه‌و قه‌رزانه، دواجار ئه‌وه‌ی باجی دانه‌وه‌ی قه‌ر‌زانه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ ته‌نیا هاووڵاتیانی عێراقن.
ھ.م