شەڕی داعش 35 هەزار کەسی لە سنووری گەرمیان ئاوارە کردووە

بەھۆی ناسەقامگیری ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان

K24 - گەرمیان   

لە سنووری ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە 35 ھەزار ئاوارە، ماوەی پێنچ ساڵە بەھۆی شەڕی داعش و رووداوە کانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە و لەترسی میلیشاکان و ململانێی تایفیەکان ناگەڕێنەوە زێدی خۆیان و دەڵین، لە ژیانێكی سەختدا بژین باشترە نەك بگەڕێینەوە و ژیانێكی دژوارمان ھەبێت و ژیانیشمان پارێزراو نەبێت.

بەشێكی زۆری ئاوارەكان ئاوات بە گەڕانەوەیان دەخوازن بۆ زێدی خۆیان و ژیانێکی باشتر لەژیانی ئاوارەیی، بەڵام دەڵێن دۆخی خراپی عێراق و مامەڵەکردنی خراپی میلیشیا و ھێزەكانی عێراق لەسەر بنەمای تائیفی ژیانی ناو کەمپەكان شایستەترە.

باوكی جاسم، یەكێكە لە ئاوارەكان بە كوردستان24ی گوت: "پێمخۆشە بگەڕێمەوە، بەڵام لە ھەرێمی كوردستان ئارامی و سەقامگیری ھەیە، كەچی لە شوێنەكانی خۆمان نائارامی ھەیە، ئێمە لە تەلەڤزیۆنەكان دەبینین خەڵكی ئێمە لەسەر شەقامەكان دەكوژرێن، باشە چۆن متمانە بە حكوومەتەكەمان بكەین و بگەڕێینەوە، چۆن متمانە بە حكوومەتێك بكەم كە خۆپیشاندەران دەكوژێت و ھەردوولا شیعەن! منێكی سنوونە چۆن متمانە بەو حكوومەتە بكەم كە دەم پارێرێزێت".

یەكێكی دیكە لە ئاوارەكان بەناوی عومەر محەمەد، دەڵێ: "خراپی دۆخی ئەمنی وایكردووە نەگەڕێینەوە، سەرەڕای ئەوەی ژیانمان لە كەمپ ناخۆشە، بەڵام لێرە دۆخی ئەمنی زۆر سەقامگیرە، ئەگەر بشگەڕێینەوە نە شوێنمان ماوە نە خانوو، بۆیە ناچارین ھەر لێرە بین".

 ھ.م