وڵاتانی ئه‌وروپا هه‌وڵ بۆ هێوركردنه‌وه‌ی گرژی نێوان تاران و واشنتن ده‌ده‌ن

"به‌بێ سەقامگیری عێراق ناتوانێت ببێتەوە وڵاتێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ململانێکانی تاران و واشنتن نەگاتە ئاستی بەریەککەوتن.

لەم بارەیەوە جانا ئیباسکۆڤا، نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی چیك بۆ یەکێتی ئەورووپا دەڵێت: باشترین چارەسەر بۆ دۆخه‌كه‌ ئەوەیە، گۆڕانكاری لە چینی فەرمانڕەوای عێراقدا بکرێت و داواشدەکات ئێران و ئەمریکا لەوە زیاتر دۆخەکە گرژ نەکەن، چونکە به‌بێ سەقامگیری، عێراق ناتوانێت ببێتەوە وڵاتێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری.

هاوكات میکایل سۆڤۆبۆدا، كونسوڵی گشتی چیك له‌ هه‌رێمی كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، "درووستکردنی سەقامگیری تەنها لە ڕێگای گۆڕینی بیروڕاوە دەبێت، پێویستە لە عێراقدا کەسانی شارەزا و ئاگادار لە دۆخی دونیا دەسەڵات بگرنە دەست، ئەگەر ئەوە رووبدات ئەوا عێراق لە ماوەیەکی درێژدا دەبێتە وڵاتێکی ئارام".

ده‌شڵێت: "عێراق زۆر دەوڵەمەندە بە سامانە سرووشتییەکانی، پێموایە خەڵکی کوردستان و عێراق دەتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن و وا بکەن کە وڵاتەکەیان سەقامگیر بێت".

چەند ڕۆژێکە گۆڕانکاری خێرا لە عێراق روودەدەن و ململانێکانی تاران و واشنتنیش هۆکاری سەرەکی گۆڕانکارییەکانن، لە نێو هەموو هەوڵەکانیش بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە، هەرێمی کوردستان و عێراق کەوتوونەتە بەردەم داهاتوویەکی نادیارەوە.

H.B