کاریگەری هێرشەکانی ئێران لەسەر بازاڕەکانی جیهان

نرخەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات

K24 – هه‌ولێر:

مووشەکەکانی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، مامەڵەی پشک و پێنوێنەکانی لە بازاڕ سوور پۆش کرد و کاڵاکانی وەک نەوت و زێڕیشی بەرزکردەوە.

سەر لەبەیانی ئەمرۆ، راستەوخۆ دوای هێرشەکانی ئێران نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ نزیکەی 72 دۆلار و نەوتی سووکی تێکساسیش بۆ نزیکەی 66 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبوونەوە، بەڵام دواتر جارێکی دیکە رەوتی دابەزینیان وەرگرتەوە ئێستا لە دەوروبەری 69 دۆلار بۆ برێنت و 63 دۆلار بۆ سووکی تێکساس مامەڵە دەکەن.

نرخی زێڕیش بەهۆی مەترسییەکان لە هەڵکشانی زیاتر بۆ بەرزترین ئاستی حەوت ساڵی رابردووی بەرزبووەوە، بەجۆرێک نرخی ئۆنسەیەک زێڕ ئاستی 1600 دۆلاری تێپەڕاند، بەڵام ئێستا لە دەوروبەری 1581 دۆلار بۆ ئۆنسەیەک مامەڵەی پێوە دەکرێت.

هاوکات بازاڕە دارایی و بۆرسەکانی جیهان دوای هەڵکشانی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شڵەژاوە و پشکەکان لە دابەزین.

به‌ كاریگه‌ری، هه‌ڵكشانی گرژییه‌كانی نێوان ئێران و ئه‌مریكا و هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا لە عێراق لەگەڵ کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، پێنوێنی نیکی ژاپۆنی 370.96 خاڵی لە دەستدا و بۆ 23 هەزار و204 خاڵ دابەزی. و تۆپێکسی ژاپۆنی 23.65 خاڵ بۆ هەزار 701.40 خاڵ دابەزی.

هەروەها لە بازاڕەکانی ئەوروپاش، پێنوێنی یۆرۆ ستۆکس 21.73 خاڵی لە دەستدا و بۆ سێ هەزار و 737.52 خاڵ دابەزی و فوتسی بەریتانیش 43.87 خاڵ بۆ حەوت هەزار 529.98 خاڵ دابەزی.

هاوکات لەگەڵ داخرانی بۆرسەی نیویۆرک زۆربەی پشکەکان دابەزین، لە نێویدا،پێنوێنی داوجۆنز 119.70 خاڵی لە دەستدا کە دەکاتە 0.42 لە سەدا، بۆ 28 هەزار 583 خاڵ دابەزی.

هەروەها  بازاڕەکانی کەنداویش بە دەر نەبوون لە زیانەکان و بە رەنگی سوور دەستیان بە  مامەڵە کردن کردن.

پێنوێنی بازاڕی دوبەی بە رێژەی 1.4% دابەزی، و پێنوێنی ئەبوزەبی 1% دابەزی، لە کاتێکدا پشکەکانی کوێت بە رێژەی 0.12% و پێنوێنی سعوودییە 0.99% دابەزین.

لەو بارەیەوە ئاژانسی فیتچ بۆ پلەبەندی ئابووری پێشبینی دەکات ئەو وەڵامدانەوەی هێرشانە لە لایەن ئەمریکا و ئێران بەردەوام دەبێت، بەڵام لە ئاستێکی زۆر سنووردار دەبێت بۆ ئەوەی رێگری لە یەکدی بكەن كە جەنگێکی گشتگیر لە نێویاندا رووبدات.