چوار وڵات دژی توركیا هاتنه ده‌نگ
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی میسر، فه‌ره‌نسا، قوبرس و یۆنان بۆ تاوتوێكردنی پێشهاته‌كانی لیبیا و رۆڵی توركیا له‌و وڵاته كۆبوونه‌وه.
له كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان ده‌ركرد، تێیدا یادداشتی له‌یه‌كتێگه‌یشتنی توركیا و لیبیایان ره‌تكرده‌وه و رایانگه‌یاند، ئه‌و یادداشته پێچه‌وانه‌ی بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه.
هه‌روه‌ها یادداشته‌كه‌ی ئه‌نقه‌ره و ته‌رابلووسیان به پێشێلكردنی مافی سه‌روه‌ری وڵاتانی دیكه‌ی سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست له‌قه‌ڵه‌مدا.
توركیا یادداشتێكی له‌یه‌كتێگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ته‌رابلووس واژوو كردووه، به گوێره‌ی یادداشته‌كه سوپای توركیا بۆی هه‌یه بڕواته لیبیا و سنووری ئاوی هه‌ردوو وڵاتیش له ده‌ریای ناوه‌ڕاست ده‌ستنیشان كراوه.
وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته دژایه‌تی خۆیان بۆ جموجۆڵه سه‌ربازییه‌كانی سوپای توركیا به ئاراسته‌ی لیبیا ده‌ربڕی و ئیدانه‌ی هه‌ر ده‌ستتێوه‌ردانێكیان له كاروباری لیبیا كرد.