هۆكاری نه‌بوونی زیانی گیانی له سه‌ربازگه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرا ده‌كرێت

K24 – هه‌ولێر:
تۆڕی هه‌واڵی " CNN"ـی ئه‌مه‌ریكایی بڵاویكرده‌وه، به‌رپرسێكی باڵای سوپای ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندووه، واشنتن زانیاری پێشوه‌ختی له‌سه‌ر هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌بووه.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه راشیگه‌یاند، ئه‌و زانیاریانه وایكردووه، هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان بگوازرێنه‌وه شوێنێكی سه‌لامه‌ت و زیانیان به‌رنه‌كه‌وێت.
به‌رپرسه‌كه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا ئاشكرایكردووه، مانگه ده‌ستكرده‌كانی سه‌ر به هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا، ئاماژه‌ی یه‌كه‌میان له باره‌ی هه‌ڵدانی مووشه‌كه‌كان گواستووه‌ته‌وه بۆ هه‌واڵگری و ده‌ستبه‌جێ زانیارییه‌كان شیكار كراوون و جۆری مووشه‌كه‌كه، هه‌ڵدانی، مه‌ودا و ئاراسته‌ی پێشبینیكراوی ده‌ستنیشان كراوون.
روونیشیكرده‌وه، ئه‌مه‌ریكا توانی ده‌ستنیشانی بكات، كه سه‌ربازگه‌ی "عه‌ین ئه‌سه‌د" له ئه‌نبار و بنكه‌كانی له سنووری هه‌ولێر، ده‌كرێنه ئامانج و به په‌له هۆشداری درایه ئه‌و بنكانه كه په‌نا به‌رنه به‌ر شوێنی سه‌لامه‌ت.
ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه، مانگه ده‌ستكرده‌كانی سه‌ر به ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا، ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه به وردی چاودێری جوڵه‌ی بنكه مووشه‌كییه‌كانی ئێران ده‌كه‌ن و به‌ڵگه‌یان ده‌ستكه‌وتبوو، كه ئێران سووته‌مه‌نی كردووه‌ته مووشه‌كه‌كانه‌وه و ئاماده‌ی كردوون بۆ هه‌ڵدان. ئه‌وه‌ش وایكرد، ئه‌مه‌ریكا زانیاری پێشوه‌خته‌ی هه‌بێت.
باسی له‌وه‌شكردووه، جگه له مانگه ده‌ستكرده‌كان، فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان له ده‌ره‌وه‌ی ئاسمانی ئێران و زانیاری دیكه‌ی هه‌واڵگری و زانیاری ئه‌لیكترۆنی كه له ناو ئێران كۆده‌كرانه‌وه، هۆكار بوون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له نیازه‌كانی ئێران دڵنیا بێت و پێش عێراق ئاگاداری هێرشه‌كه بێت.
به هۆی به‌رنه‌كه‌وتنی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له هێرشه مووشه‌كییه‌كه‌ی ئێران، هه‌ندێك شیكه‌ره‌وه له‌و بڕوایه‌دابوون، ئه‌مه‌ریكا و ئێران له باره‌ی ئه‌و هێرشه‌وه رێككه‌وتبن، به‌ڵام هه‌ریه‌ك له سوپای پاسداران و سوپای ئه‌مه‌ریكا ئه‌و بۆچوونه‌یان ره‌تكرده‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه میدیاییه‌كان، شه‌وی هێرشه‌كه‌ی سوپای پاسداران، له ناوخۆی سه‌ربازگه و بنكه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا له كاتژمێر (11:00)ـی شه‌و زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه لێدراوه و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدا بوونه.