تره‌مپ: با وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش ببنه ئه‌ندامی ناتۆ
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، دۆناڵد تره‌مپ داوایكرد، په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی(ناتۆ) فراوان بكرێت و ژماره‌یه‌ك وڵاتی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش ببنه ئه‌ندامی.
دوێنێ پێنجشه‌ممه (9ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2020)، له كۆشكی سپی، تره‌مپ له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان گوتی: "له‌و بڕوایه‌دام پێویسته ناتۆ فراوان بكرێت، خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش بگرێته‌وه".
گوتیشی: "داعش كێشه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه، ئێمه ده‌مانه‌وێت سه‌ربازه‌كانمان بگه‌ڕێنه‌وه وڵاته‌كه‌یان، با ناتۆ بێته پێشه‌وه و هه‌نگاوی خۆی بنێت. ئێمه رێگریمان له داعش كرد و نه‌مانهێشت بگاته ئه‌وروپا، ده‌بێت له‌مه‌ودوا ناتۆ رۆڵی زیاتری هه‌بێت".
تره‌مپ به پێكه‌نینه‌وه گوتی: "ده‌كرێت ناوی لێبنرێت په‌یمانی ئه‌تڵه‌سی + خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، یاخود پێی بڵێن: په‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی – خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست".