هه‌وڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ رێگرتن له گرژییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران ئاشكرا ده‌بن
K24 – هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "ۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئه‌مه‌ریكی بڵاویكرده‌وه، سویسرا هه‌وڵێكی زۆری داوه بۆ خاوكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران.
به گوێره‌ی زانیاری رۆژنامه‌كه، دوای چه‌ند كاتژمێرێك له كوژرانی قاسم سوله‌یمانی، ئه‌مه‌ریكا له رێی باڵیۆزخانه‌ی سویسراوه له تاران په‌یامێكی بۆ ئێران ناردووه و رایگه‌یاندووه، هیچ نیازێكی بۆ گرژی و شه‌ڕ نییه له‌گه‌ڵ ئێران.
"ماركۆس لایتنه‌ر" باڵیۆزی سویسرا له تاران، نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و ئه‌و نامه‌یه‌ی ئه‌مه‌ریكای راده‌ستی محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران كردووه.
له رۆژانی دواتریشدا، كۆشكی سپی له رێی باڵیۆزخانه‌ی سویسراوه ژماره‌یه‌ك په‌یامی دیكه‌ی ئاراسته‌ی به‌رپرسانی ئێران كردووه، كه په‌یامه‌كان هاوسه‌نگانه بوونه و وه‌ك شه‌ڕه لێدوانه‌كه‌ی زه‌ریف و تره‌مپ نه‌بوونه.
به گوێره‌ی زانیاری رۆژنامه‌كه، هه‌ردوولا به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ باسیان له‌وه كردووه، كه گرژی زیاتریان ناوێت.
به‌رپرسێكی ئێرانی به رۆژنامه‌كه‌ی وتووه: باڵیۆزخانه‌ی سویسرا بووه‌ته پردێكی په‌یوه‌ندی له نێوان هه‌ردوولادا.
به‌رپرسانی سویسرا به رۆژنامه‌كه‌یان وتووه، باڵیۆزی وڵاته‌كه‌یان له رێگه‌ی فاكسێكی كۆدكراوه‌وه نامه‌كانی ئه‌مه‌ریكای ناردووه بۆ به‌رپرسانی باڵای ئێران.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، باڵیۆزی سویسرا له تاران به شێوه‌یه‌كی ده‌وری رێك‌وپێك سه‌ردانی واشنتنی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا له باره‌ی ئێرانه‌وه كۆببێته‌وه و كۆبوونه‌وه‌ی داخراوی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و به‌رگری و هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا كردووه.