هه‌واڵگری توركیا و سووریا پرسی هێرشی هاوبه‌ش بۆ سه‌ر یه‌په‌گه تاوتوێ ده‌كه‌ن

K24 – هه‌ولێر:
له مۆسكۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سێ قۆڵی له نێوان توركیا، رووسیا و سووریا له سه‌ر ئاستی هه‌واڵگری هه‌رسێ وڵات به‌ڕێوه‌چوو. ئاژانسی "رۆیته‌رز" بڵاویكردووه‌ته‌وه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسی ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆنێكی هاوبه‌شی توركیا و سووریا بۆ سه‌ر هێزه كوردییه‌كان تاوتوێكراوه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سه‌رۆكی نووسینگه‌ی ئه‌منی سووریا، عه‌لی مه‌ملووك، سه‌رۆكی هه‌واڵگری توركیا، هاكان فیدان به‌شداریان كردووه.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا پرسی ئاگربه‌ست له ئیدلب و هه‌ماهه‌نگی نێوانیان بۆ هێرشكردنه سه‌ر هێزه كوردییه‌كان له باكووری سووریا تاوتوێكراوه.
به‌رپرسێكی توركیا، به ئاژانسه‌كه‌ی راگه‌یاندووه، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆنێكی هاوبه‌ش له دژی هێزه‌كانی "یه‌په‌گه" له خۆرهه‌ڵاتی فورات كراوه.
به گوێره‌ی رۆیته‌رز، له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا ئه‌مه یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی له‌و جۆره‌ی به‌رپرسانی هه‌واڵگری سووریا و توركیایه، كه له راگه‌یاندنه‌وه باس بكرێت.