دەزگای خێرخوازی بارزانی کاروانێكی دیكەی هاوکاری گەیاندە رۆژئاوای كوردستان

هاوکارییەکان بەسەر 1100 خێزانی ئاوارە دابەش دەكرێت
kurdistan24.net

K24 - حەسەكە

حەوتەمین کاروانی ھاوکاری دەزگای خێرخوازی بارزانی گەیشتە رۆژئاوای کوردستان و ھاوکارییەکانی ئەم جارەش بە ھاوبەشی لەگەڵ چەند رێکخراوێكی بیانی بوو. كە کۆمەڵێك کەرەستە و پێداویستی زستانە  و تەندروستی لەخۆ گرتبوو و بە سەر ھەزار و 100 خێزانی کەمپی واشۆکان لە حەسەکە دابەشکرا.

شاھا ئیبراھیم، یەكێكە لە ئاوارەكانی كەمپی واشۆکان بە كوردستان24ی گوت: "دوو ماڵ لەژێر خیوەتێك دەژین، تەنھا جلەكان ناتوانن گەرمان بكەنەوە، لەم وەرزەدا زۆر پێویستمان بە ئامێری گەرمكەرەوە ھەبوو، سوپاس بۆ دەزگای خێرخوازی بارزانی كە سۆبایان بۆ ھێناوین".

ئاوات مستەفا، باڵیۆزی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە ئەوروپا دەڵێت: "پێویستە جارێكی دیكە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بگەڕێتەوە ناو كەمپەكان. بە گشتی لە باكووری سووریا بارودۆخێك ھاتووەتە ئاراوە ھەم لە رووی مرۆییەوە خراپە و ھەمیش لە رووی سیاسییەوە كاردانەوەیەكی باش نییە، بۆیە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەو رێكخراوانەی خۆیان وابەستەی یاساكان دەكەن، پێویستە بێن بە ھاوكاری ئێمە لێرە كار بكەن، بۆ ئەوەی بەشێك لە پێداویستییەكان بۆ ئاوارەكان دابین بكرێن".

گوتیشی: "رێكخراوە بیانییەكان ئەگەر خۆیان ناتوانن بێن و پێیانوایە دۆخی ئەمنی ناوچەكە سەقامگیر نییە، ئێمە وەك دەزگای خێرخوازی بارزانی دەتوانین ھەموو ھاوكارییەكانیان بە ئەمانەتەوە بگەیەنین".

ھ.م