جیاوازی نرخی دەرمان کێشەی بۆ هاووڵاتیان دروستکردووە

سەندیکای دەرمانسازان چاوەڕێی لیستی وەزارەتی تەندروستییە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

نرخی دەرمان لە دەرمانخانەکانی ھەرێمی کوردستان لە دەرمانخانەیەكەوە بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە، کە ئەوەش گرفتی بۆ ھاووڵاتیان و دەرمانخانەکان دروست کردووە، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای دەرمانسازان رایدەگەیەنێت، چاوەڕێی ئەو لیستە دەکەن کە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریداوە بۆ سەندیکاکانی دەرمانسازی بنێرێت تا نرخی دەرمان یەک بخەن.

باریف زاھیر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو دەنگۆیە راست نییە كە دەگوترێت سەندیكای دەرمانسازان نرخی دەرمان بەرز دەكاتەوە، بەڵكو ئێمە دەمانویست نرخی وەزارەتی تەندروستی جێبەجێ بكرێت، بەڵام لای ھەندێك دەزگای میدیایی بە پێچەوانەوە باسی لێوەكرا".

جیاوازی نرخ تەنیا گرفتی بۆ ھاووڵاتیان دروست نەکردووە، بەڵکو گرفتێکی سەرەکی دەرمانخانەکانیشە، پزیشکێکی دەرمانساز دەڵێت "ئەو گرفتە وایکردووە ھاووڵاتی بە دوای ھەرزانترین جۆری دەرماندا بگەڕێت و بیر لە جۆرو کوالێتی نەکاتەوە".

ھ.م