پڕۆژە یاسای چاكسازیی پەسند كرا

پەرلەمان چاکسازییەکەی حکوومەتی کرد بە یاسا
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان، بە دەنگی 89 پەرلەمانتار پڕۆژەیاسای چاكسازیی پەسندكرا.

لە كۆبوونەوەكەدا ماددەكانی پڕۆژەیاسای چاكسازیی خوێندرایەوە و لەگەڵ ئەو پێشنیازانەی لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەكان خراونەتەڕوو، بۆ ئەوەی ماددەكان وەكخۆیان پەسند بكرێن یان پێشنیازەكان جێیان بگرنەوە، دواتر كۆی پڕۆژەیاساكە خرایە دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسند كرا.

ھەر ئەمڕۆ و پێش دەستپێكردنی كۆبوونەوەی پەرلەمان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە زاری سەرۆكی دیوان و وتەبێژ و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، دڵنیایی دایە مووچەخۆران كە بەپێی پڕۆژەیاساكە ماف و مووچەی كەس نابڕدرێت، بەتایبەتی كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوان كە لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان جەختی لەسەر كرایەوە.

چاكسازی بەشێكی گرنگی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە و لە وتاری دەستبەكاربوونیدا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەڵێنیدا كە چاكسازیی لە كارە لە پێشینەكانی حكوومەت بێت.