"ئه‌م یاریزانه بۆته هه‌ڕه‌شه بۆ كریستیانۆ و مێسی"
چیرۆ ئێمۆبلی هێرشبه‌ری یانه‌ی لازیۆ له ئێستاوه له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی پێڵاوی زێرینی تایبه‌ت به باشترین گۆڵكاری ئه‌ورووپا كێبڕكێیه‌كی گه‌وره له دژی سه‌رجه‌م ئه‌ستێره‌كانی 5 خوله به‌هێزه‌كه‌ی ئه‌ورووپا ده‌ستپێكردووه له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه لیۆنێل مێسی.
چیرۆ ئیمۆبلی ته‌مه‌ن 29 ساڵه‌ی یانه‌ی لازیۆ ئه‌م وه‌رزه له كۆی 19 یاری 23 گۆڵی له سێریا ئه‌ی كردووه و پێشه‌نگی گۆڵكارانی وڵاته‌كه‌ی گرتووه و به جیاوازی 9 گۆڵ له‌گه‌ڵ نزیكترین ركابه‌ره‌كانی كریستیانۆ و لۆكاكۆ دووره كه ئه‌و دووانه هه‌ریه‌كه‌یان 14 گۆڵیان له‌م وه‌رزه‌ی سێریا ئه‌ی كردووه.
له‌سه‌ر ئاستی 5 خوله به‌هێزه‌كه‌ی ئه‌ورووپا نزیكترین ركابه‌ری رۆبێرتۆ لیڤاندۆڤسكی هێرشبه‌ری پۆڵه‌ندییه كه به 19 گۆڵ پێشه‌نگی بۆندزلیگای گرتووه.
هه‌ریه‌كه له لیۆنێل مێسی كه به 13 گۆڵ پێشه‌نگی گۆڵكارانی لالیگای گرتووه، كه‌ریم بێنزێماش به 12 گۆڵ له پله‌ی دووه‌می گۆڵكارانی لالیگا دێت ركابه‌ری له‌سه‌ر گۆڵكارانی ئه‌ورووپا ده‌كه‌ن.
له خولی پله‌یه‌كی فره‌نساش ویسام بن یه‌دیر به 14 گۆڵ لوتكه‌ی گۆڵكارانی گرتووه و پێش هه‌ریه‌ك له كلیان مباپێ و ماورۆ ئیكاردی و نێیمار دا سیلڤا كه‌وتۆته‌وه.
چیرۆ ئیمبۆلی له 3 وه‌رزی رابردوو له دوای لیۆنێل مێسی به پله‌ی دووه‌م دێت له ڕووی ئه‌وه‌ی له 18 یاری توانیویه‌تی 2 گۆڵ و زیاتر بكات، به‌ڵام مێسی تاكه یاریزانه توانیویه‌تی له 23 یاری ئه‌م كاره بكات.
چیرۆ ئیمۆبلی ئه‌گه‌ر به‌م ئاسته‌ی به‌رده‌وام بێت ده‌توانێت بۆ یه‌كه‌مجار ببێته خاوه‌نی خه‌ڵاتی پێڵاوی زێرین و ئه‌م نازناوه له چنگی كریستیانۆ و مێسی ده‌ربێنێت كه له ماوه‌ی 13 ساڵی رابردوو 10 جار ئه‌م خه‌ڵاته بۆ كریس و لیۆ بووه.