چاره‌سه‌ری پرسی كه‌ركووك په‌یوه‌سته‌ به‌ یه‌كلابوونه‌وه‌ی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی عێراق

"کەڵەکەبوونی قەیرانەکان وای کردووە بەشێك لە گفتوگۆکان بوەستن"
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق بووەتە هۆی ڕاگرتنی گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق. لەم بارەیەوە بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکوومەتی هەرێم بە کوردستان 24ی گوت: بە هۆی تێکچوونی دۆخی بەغدا، زۆرینەی گفتوگۆکانمان لە بارەی ناوچە جێناکۆکەکان راوەستاون و تەنیا فریای ئەوە کەوتووین باسی بودجە و هەندێك کێشەی دیکە بکەین.

وەزارەتی پێشمەرگەش دووپاتی دەکاتەوە، کە لە نێوان ئەوان و وەزارەتی بەرگریدا بڕیار بووە کۆمەڵێك کۆبوونەوە بکرێت، بەڵام ململانێکانی ئەمریکا و ئێران و خۆپێشاندانەکان، کۆبوونەوەکانیان دواخست.

ڕەنگە هیچ کات پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا هێندەی ئێستا سەقامگیر و باش نەبووبن، لە ماوەی رابردوودا کابینەکەی عەبدولمەهدی، کە ئیستا کابینەیەکی کاربەڕێکەرە، توانی بەشێکی زۆر لە گرژییەکان هێور بکاتەوە، بەڵام ئەوەی نەتوانرا هیچ ئەنجامێکی کردەیی لێ بەدەست بێت، ئەو گفتوگۆیانە بوون، کە لە بارەی کەرکووکەوە ئەنجام دران. حکوومەتی هەرێمی کوردستان نایشارێتەوە کە باسی کەرکووك کراوە، بەڵام کەڵەکەبوونی قەیرانەکان وای کردووە بەشێك لە گفتوگۆکان بوەستن.

زیادبوونی چالاکییەکانی داعش بەتایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان، جێگەی نیگەرانیی وەزارەتی پێشمەرگەیە، کە وەك خۆیان دەڵێن دەمێکە کۆبوونەوەی لیژنەکانی پەیوەست بە کەرکووك وەستاون.

گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا پەیوەست بە کەرکووك، لە کۆتایی سەردەمی کابینەکەی حەیدەر عەبادییەوە دەستیان پێ کرد، ئەوکات عەبادی هێندە مەرجی زۆر بوو، کە نەتوانرا هیچ ئەنجامێك بەدەست بێ، لە سەردەمی عەبدولمەهدیشدا کێشە ناوخۆییەکانی عێراق ڕێگربوون لەوەی جارێکی دیکە پێشمەرگە بگەڕێتەوە کەرکووك.