پارتی: ئه‌مساڵ كۆنگرە ده‌به‌ستین

پشتیووانی بۆ پرۆسه‌ی چاكسازی ده‌رده‌بڕێت

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی، ئه‌مڕۆ شه‌مممه‌، 18/1/2020 كۆ بووه‌وه‌ و له‌ راگه‌یه‌ندراوی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، بڕیار دراوه‌ له‌ ساڵی 2020 كۆنگره‌ ئه‌نجام بدرێت.

راگه‌یه‌ندراوی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی، ئاماژه‌ی به‌ چوار خاڵی سه‌ره‌كیی كۆبوونه‌وه‌كه‌ كردووه‌، یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كان، تاووتوێكردنی بڕیار و راسپارده‌كانی ئه‌م دواییه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌، كه‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی پێی وایه‌ "دوور بوو لەو بنەما و پرەنسیپە سەرەكییانەی دوای رووخانی رژێم لە ساڵی2003 دەوڵەتی عێراقی لەسەر بنیات نراوە، كە ئەویش شەراكەت و تەوافوق و تەوازن بووە لە حوكمڕانی بۆ هەموو پێكهاتەكانی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی و بەشداریی هەمووان لە بریارە چارەنوس سازەكاندا".

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، ته‌وه‌ری دووه‌م باس له‌وه‌ كراوه‌، كه‌ رێگا نه‌درێت عێراق ببێته‌ گۆڕه‌پانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێی وڵاتان و هه‌وڵه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌دا چڕ بكرێنه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیی پارتی، پشتیوانیی له‌ پرۆسه‌ی چاكسازیی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ و پاڵپشتیی خۆیان بۆ پرۆسه‌كه‌ دووپات كردووه‌ته‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتیدا، پرسی به‌ستنی كۆنگره‌ی 14ه‌مینی پارتیی دیموكراتی كوردستان تاووتوێ كراوه‌ و تێیدا هاتووه‌: "لەبەر پێویستیی و خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی ئێستای كوردستان و عێراق و گۆڕانكاریيە زۆر و خێراكان لە ناوخۆ و دەوروبەر و زیاتر گڕوتین بەخشین بە ئۆرگانەكان، هەروەها بە گوێرە پەیڕەوی ناوخۆ، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بریاری دا لە ساڵی 2020 كۆنگرە ئەنجام بدرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش دەسەڵاتی پێویستی دا بە مەكتەبی سیاسی هەنگاو و رێكارە پەیڕەویەكان دەست پێ‌ بكات".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

"راگەیاندراوی كۆتایی كۆبوونەوەی ئاسایی

ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان

بە سەرپەرشتی بەرێز سەرۆك مسعود بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆك و هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆبوونەوەی ئاسایی پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان لە 18/1/2020 ئەنجام درا كە چەند بابەتێكی گرنگی سیاسی و رێكخستنی حزبی گفتوگۆیان لە بارەوە كراو بریاری پێویستیان بۆ وەرگیرا.

تەوەری یەكەم: رووداوە گرنگەكانی ساڵی 2019 و سەرەتای ساڵی 2020 كە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی عێراقی كرد گفتوگۆیان لەسەر كرا، گرنگی كار تێكردنەكانیان لەسەر سیاسەت و ئابوری و پەیوەندیەكان كۆماری عێراق لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و جیهانی دەرەوە لە ئاكامی ئەو كردارو پەرچە كردارانەی روویان داو هەروەها بریارو راسپاردەكانی پەرلەمان و حكومەتی عێراق لەو چەند مانگەی رابردوو بە دوور بوو لەو بنەماو پرەنسیپە سەرەكییانەی دوای رووخانی رژێم لە ساڵی2003 دەوڵەتی عێراقی لەسەر بنیات نراوە كە ئەویش شەراكەت و تەوافق و تەوازن بوە لە حوكمرانی بۆ هەموو پێكهاتەكانی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی و بەشداری هەمووان لە بریارە چارەنوس سازەكان.

تەوەری دووەم: باس لەو نیگەرانی و مەترسیانە كرا كە لەسەر عێراق هەیە بە شێوەیەكی گشتی و كردنی عێراق بە ساحەی تصفیەی حساباتی وڵاتانی هەرێم و جیهانی... بارودۆخی عێراق سەرەڕای ئەو هەموو گیروگرفتە ناوخۆیەی چ لە رووی حوكمرانی و ئابوری و دیبلۆماسی و چ لە رووی گرژی و ناتەبایی نێوان لایەنەكانی بەشدار لە دەسەڵات و چ لەگەڵ خۆپێشاندەرانی بەغدای پایتەخت و شارەكانی دیكی باشور كە ماوەی سێ‌ مانگە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوەو خەریكە خەڵكی عێراق باجی خیلافات و هەڵوێستە دژ بە یەكەكانی دەرەوەی سنورەكانی دەكەوێتە ئەستۆ، سەرەرای مانەوەی مەترسی گەورەی ئیرهاب كە تاكو ئێستا داعش كۆتایی نەهاتووە بەڵكو بەردەوام هەرەشەیە لە سەقامگیری و دابین كردنی ئەمنیەت ئەمە جگەلەوەی باری ئابوری هاونیشتمانیانی عێراق لە ئاستێك دا نییە بەرگەی قەیرانی زیاتر بگرێت. بەتایبەتی كە رێژەی بێكاری بەرز بووەتەوە بەجۆرێك كە زیاتر لە 30% خەڵكی پارێزگاكانی ناوەراست و باشور لە خوار هێڵی هەژاریدان. كۆبوونەوە رای وابوو كە هەموو هەوڵەكان بخرێتە گەڕ تا عێراق نەبێتە بەشێك لەو كێشە هەرێمی و جیهانیانە، بۆیە پێویستە هەر بریارو راسپاردەو یاسایەك كە دەردچن لە ئاستی خواست و ویست و بەرژەوەندی كۆی هاوڵاتیانی عێراقی دا بێت و لە تاكڕەوی بە دووربن بۆ ئەوەی ئاسایشی كۆمەڵایەتی عێراق نەكەوێتە مەترسیەوە.

تەوەری سێ‌ یەم: كۆبوونەوە پشتیوانی بۆ هەوڵ كۆششەكانی حكومەت و دامەزراوەكانی یاسایی دەكات لە راستای چاكسازی و رێكخستنەوەی كاروبارەكان لەوبوارانەی پێویست دەكات بۆ هێنانە دی خواستی هاوڵاتیانی كوردستان و زیاتر دابین كردنی ئاسوودەیی، هەر وەكو لە بەرنامەی پارتیمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی پێكراوە.

تەوەری چوارەم: لەبەر پێویستی و خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی ئێستای كوردستان و عێراق و گۆرانكاریە زۆرو خێراییەكان لەناوخۆو دەوروبەرو زیاتر گوڕوتین بەخشین بە ئۆرگانەكان هەروەها بە گوێرە پەیڕەوی ناوخۆ، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بریاری دا لە ساڵی2020 كۆنگرە ئەنجام بدرێت و دەسەڵاتی پێویستی دا بە مەكتەبی سیاسی هەنگاو و رێكارە پەیڕەویەكان دەست پێ‌ بكات.

ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان

18/1/2020"