حكوومهتی ههرێم ئامادهكاری بۆ جێبهجێكردنی یاسای چاكسازی دهكات
K24 – ههولێر:
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارە لە ماوەی (60)رۆژدا کار لەسەر ئامادهكردنی (5) پەیڕەو و پێکهێنانی (5) لیژنە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بکات.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: لە ئەنجامی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، بڕێک پارەی باش بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە، کە لە زیادکردنی مووچە کەمەکانی خانەنشینی و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بەکار دەهێنرێن.
ئاماژەی بەوەش دا، حکوومەت سەرقاڵی نووسینەوەی یاسای یەکگرتووی خانەنشینییە و دەیەوێ یەک یاسای خانەنشینی بەرکار بێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانی کوردستان یاسای چاکسازی پەسەند کرد، ئێستا حکوومەت چاوەڕێی ئەوەیە لە ماوەی داهاتوودا یاساکە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پەسەند بکرێت، تا لای خۆیەوە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی دەست پێ بکات.
رێکخستنەوەی داهات و كردنەوەی ھەژمارێكی بانكیی بۆ پارەی پاشەكەوتی مووچەخۆران و بڕینی ئەو مووچانەی چەندین ساڵە بە ناهەق وەرگیراون، گرینگترین ئەو خاڵانەن لە یاسای چاكسازیدا جێگەیان کراوەتەوە و چاوەڕێش دەکرێت بە جێبەجێکردنیان گۆڕانی بەرچاو روو بدەن.
ههر لهو چوارچێوهیهدا، یاسای چاکسازی بۆ پەسەندکردنی نێردراوهته سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ماوەی (15) رۆژ لەبەردەم سەرۆکی هەرێمی کوردستانه، تا بڕیار لەسەر یاساکە بدات.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی رایگهیاند، بە جێبەجێکردنی یاساکە، حکوومەت گرەنتی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەدات و دادپەروەری لە مووچە و خانەنشینی مووچەخۆران دەکرێت.