كۆریای باشوور به‌ 300 هه‌زار دۆلار هاوكاری پێشكه‌شی ئاواره‌كان ده‌كات

پرۆتۆكۆلی هاوكارییه‌كان واژۆ كرا

K24 - هه‌ولێر:

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، كۆریای باشوور له‌ رێگه‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌كه‌یانه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر، به‌ بڕی 300 هه‌زار دۆلار هاوكاریی مرۆیی پێشكه‌ش به‌ ئاواره و په‌نابه‌ران ده‌كات.

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ "چۆی كوانگ جین"، كۆنسوڵی كۆریای باشوور له‌ هه‌رێمی كوردستان پرۆتۆكۆلێكی تایبه‌ت به‌و هاوكارییه‌یان واژۆ كرد.

وه‌ك وه‌زیری ناوخۆ ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌، به‌ گوێره‌ی پرۆتۆكۆله‌كه‌، كۆریای باشوور به‌ بڕی 300 هه‌زار دۆلار هاوكاری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران ده‌كات كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانن و به‌شێك له‌و هاوكارییه‌ مرۆییانه‌ش، كه‌لوپه‌لی زستانه‌ ده‌بن.