شلەمبرگر: عێراق لە گەشەكردنی داھاتی ساڵانەمان رۆڵی بەرچاوی ھەبووە
K24 - ھەولێر
كۆمپانیایەكی ئەمریكی تایبەت بە نەوت ئاماژە بەوە دەدات، كە عێراق لە گەشەكردنی داھاتی ساڵانەیان رۆڵێكی گرنگی ھەبووە.
ماڵپەڕی عێراق بزنس نیوز، لە زاری كۆمپانیای شلەمبرگر-ی نەوتی تایبەت بە ئەمەریكا گواستویەتەوە، كە عێراق توانیویەتی بە شێوەیەكی بەرچاو داھاتی ساڵانەی نەوتی كۆمپانیاكە لەو ناوچەیە گەشە پێ بدات.
كۆمپانیاكە راشیگەیاندووە، لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019 داھاتیان بە رێژەی %5 زیادی كردووە، ئەویش لە ئەنجامی فرۆشی بەرھەمەكانیان لە كوێت، عێراق و عەمان.
كۆمپانیای شلەمبرگر، بە گەورەترین كۆمپانیا دادەنرێت لە جیھاندا كە لە بواری خزمەتگوزاریی كێڵگە نەوتییەكان كار دەكات و چالاكیی لە نزیكەی 85 وڵات ھەیە و زیاتر لە 100 ھەزار كەس بە 140 رەگەزنامە تیایدا كار دەكەن.
ھ.م