ئه‌ردۆغان هانا بۆ پوتن ده‌بات
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوشئۆغلۆ رایگه‌یاند، سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان داوای له ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا كردووه، هاوكار بێت بۆ وه‌ستاندنی پێشڕه‌وییه‌كانی سوپای سووریا به ئاراسته‌ی شاری ئیدلبدا.
شاری ئیدلب بووه‌ته ناوه‌ندی ده‌سه‌ڵات و كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و گرووپ و میلیشیا ئیسلامییانه‌ی لایه‌نگری توركیان، یان له لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه پشتیوانیان لێده‌كرێت.
پشتیوانیكردنی ئه‌و گرووپانه له لایه‌ن توركیاوه له كاتێكدایه، رووسیا و توركیا رێككه‌وتوون، ئاگربه‌ست له ئیدلب رابگه‌یه‌ندرێت و ناوچه‌یه‌كی "نیمچه ئارام" درووست بكرێت.
درووستكردنی ناوچه‌ی "نیمچه ئارام" له ئیدلب دوای ئه‌وه دێت، كه سوپای سووریا بڕیاریدا ئه‌گه‌ر به شه‌ڕیش بێت گرووپ و هێزه به‌رهه‌ڵستكاره‌كان له شاره‌كه بكاته ده‌ره‌وه.
كردنه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هێزانه مه‌ترسی ئاواره‌بوونی ملیۆنان هاووڵاتی دانیشتووی شاره‌كه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه.
توركیا بۆ به‌رگرتن له سه‌رهه‌ڵدانی شه‌پۆلێكی دیكه‌ی ئاواره‌كان و به‌رگریكردن له گرووپه‌كانی به‌رهه‌ڵستكاری سووریا داوا ده‌كات، شه‌ڕ له ناوچه‌كه رابگیرێت و رووسیا رێگه نه‌دات سوپای سووریا زیاتر پێشڕه‌وی بكات.
له باره‌ی ئه‌و پێشڕه‌ویانه‌ی سوپای سووریا، ئه‌ردۆغان به پوتنی راگه‌یاندووه، ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كه‌ی جێبه‌جێ نه‌كات، ناچاره هه‌مان داوا ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بكات. وه‌ك ئه‌وه‌ی چاوشئۆغلۆ له لێدوانه‌كه‌یدا رایگه‌یاند.