وه‌زیری به‌رگری ئیتاڵیا گه‌یشته هه‌ولێر
K24 – هه‌ولێر:
له ماوه‌ی (35) رۆژدا، بۆ جاری دووه‌م وه‌زیری به‌رگری ئیتاڵیا، "لۆرینزۆ گویرینی" به سه‌ردانێك گه‌یشته هه‌ولێری پایته‌خت و له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر له‌لایه‌ن شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی سیاسی و سه‌ربازی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لێكرا.
ئیتاڵیا یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی له رووی لۆجستییه‌وه هاوكاری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كات و به‌شداره له پڕۆژه‌كانی راهێنانی هێزی پێشمه‌رگه.
ئه‌م سه‌ردانه‌ی وه‌زیری به‌رگری ئیتاڵیا دوای ئه‌وه دێت، كه له (17ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسێمبه‌ری 2019)دا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، "مه‌سرور بارزانی" كۆبوه‌وه.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، وەزیری بەرگری ئیتاڵیا ئاماژەی بە پەیوەندی مێژوویی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی خۆشحاڵین بە پەیوەندی و بە هەماهەنگی بەهێزمان لە گەڵ هێزی پێشمەرگە، ستایشی قوربانیدانەکانی پێشمەرگەش دەکەین لە شەڕی دژی تیرۆردا .
گوتیشی: هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق هێشتا هەرماوە، بۆیە ئیتاڵیا وەک ئەندامێکی کارای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە.
هه‌روه‌ها راشیگەیاند، لە مانگی داهاتوودا (كانوونی دووه‌م/ یه‌نایر) بەشداری و پابەندبوونمان لە شەڕی داعش و هاوکاری پێشمەرگە نوێ دەکەینەوە، چونکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هێشتا کاری زۆرمان ماوە بەیەکەوە ئەنجامی بدەین.