ئێران پڕۆژەكەی ترەمپ بە مۆتەكەیەكی مەترسیدار دەزانێت

داوا لە وڵاتانی موسوڵمان دەکات دژی بوەستنەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، پڕۆژەی سەدەی بۆ چارەسەری پرسی ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین راگەیاند، بەرپرسانی ئێران بەتووندی دژی وەستانەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوە بە ناپاکی سەدە ناودەبات و داوا لە وڵاتانی موسوڵمان دەکات دژی بوەستنەوە.

ھەروەك چاوەرێ دەكرا كۆماری ئیسلامی ئێران یەكەم و تووندترین دژبەری پڕۆژەی سەدەی دۆناڵد ترەمپ بۆ چارەسەری كێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین بوو. بەرپرسانی ئێران ئەو رێككەوتنە بە "پڕۆژەی ئەمەریكی-زاھیۆنی ناودەبەن" و داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت وڵاتانی موسوڵمان دەكەن، كە دژی بوەستنەوە.

محەمەد جەواد زەریف دوای كۆنگرەی رۆژنامەوانی دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاھۆ لە تویتێكدا ھێرشی كردە سەر پڕۆژەی سەدە و بە مەترسی بۆ سەرناوچە و جیھان ناویبرد. زەریف دەڵێ "پڕۆژەی پلانێكی شكستخواردووی بازرگانییە و دەبێ وڵاتانی موسوڵمان بەتایبەت لەخەو ھەڵستن و لەدژی بوەستنەوە".

دوای زەریف، گوتەبێژی وەزارەتەكەشی ھاتە دەنگ. عەباس موسەوی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیاندراوێكدا پڕۆژەی سەدەی وەكوو ناپاكی سەدە ناوبرد و داواشی كرد بۆ یەكلاكردنەوەی پرسەكە ریفراندۆم لە نێوان خەڵكی فەڵەستین بكرێت.

لە شەوی رابردووەوە راگەیاندنەكانی ئێران تێكرا دژی پڕۆژەی سەدەی دۆناڵد ترەمپ بۆ پرسی ئیسرائیل-فەڵەستین قسە دەكەن، كاردانەوەكانی ئێران لەھی وڵاتانی عەرەبی ناوچە بەپەلە و تووندتر بووە، ئەگەرچی پێشوەختە چاوەرێ دەكرا كە ئێران دژی ئەو پڕۆژە بێت كە جارێ ھەر لای ئەمەریكا و ئیسرائیلییەكان قبووڵكراوە. لە دەقی پڕۆژەكەدا گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران وەكوو حەماس بە تیرۆریست ناوھێندراوە كە دەبێ لە چەك دابماڵرێن، ئورشەلیم یان قودس وەكوو پایتەختی ئیسرائیل دەچەسپێت. دەیان خاڵی دیكەش ھەن كە بەدڵی ئێران نین، ھەربۆیە لە ئێستاوە تاران بە تووندی لەدژی وەستاوەتەوە.

ھ.م