وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی حكومه‌تی هه‌رێم دڵنیایی ده‌دات

له‌ باره‌ی كۆرۆناوه‌

K24 – هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی دا له‌وه‌ی هیچ حاڵه‌تێكی نه‌خۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆمار نه‌كراوه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه‌، هاتووه‌: "وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رایگشتی و دامودەزگاکانی میدیا رایدەگەیەنێت کەوا هیچ حاڵەتێکی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (2019-nCoV) لە هەرێمی کوردستان بوونی نیە و تۆمار نەکراوە".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "بەداخەوە لە چەند پەیج و میدیایەک بەبێ هیچ سەرچاوەیەک و دوور لە راستی و بەبێ هیچ بنەمایەک هەواڵی بوونی ئەم نەخۆشیەیان بڵاوکردووه‌تەوە".

وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی راشیگه‌یاندووه‌، "لێرەدا هاووڵاتیانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کە دامودەزگاکانی تەندروستی زۆر بە وردی و بە بەردەوام چاودێری رەوشی ئەم نەخۆشییە دەکەن بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارە نێودەوڵەتیەکان و رێکارە پێویستەکان دەگیرێتەبەر بۆ رێگەگرتن لەم نەخۆشیە، هەروەها رایدەگەیەنین کەوا جگە لە وەزارەتی تەندروستی و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی  WHO لەسەر ئاستی جیهاندا، هیچ لایەنێکی دیکە بەسەرچاوەی فەرمی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە دانانرێت".