ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران

سه‌رۆكی حكومه‌ت چی به‌ وه‌به‌رهێنه‌ران گوت
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ خاوه‌نكار و وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆیی، پشتیوانی كابینه‌كه‌ی بۆ بره‌ودان به‌ كه‌رته‌ جیاجیاكانی ئابووری و هه‌مه‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی ئابووری هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرده‌وه و په‌یامێكی ئاراسته‌ی وه‌به‌رهێنه‌ران كرد.‌

مه‌سرور بارزانی به‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی گوت: "ئاماده‌بوونی ئێوه‌ نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه‌، حكومه‌تی هه‌رێم گرنگییه‌كی تایبه‌ت به‌ كه‌رتی تایبه‌ت و وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات. پێویسته‌ بڵێم له‌م حكومه‌ته تا ئێستا‌ هه‌وڵێكی جدیمان داوه‌ بۆ نه‌هێشتنی رۆتین و ریفۆرم له‌ هه‌موو كه‌رته‌كان و كاری حكومه‌تدا".

گوتیشی: "خاڵێكی دیكه‌ مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌یه‌، چۆن ئێمه‌ ئاسانكاری بۆ وه‌رهێنان بكه‌ین، به‌لای ئێمه‌وه‌ ئێوه‌ له‌ هه‌موو كه‌س زیاتر مافی ئه‌وه‌تان هه‌یه‌ وه‌به‌رهێنان له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆتان بكه‌ن. چونكه‌ ئێوه‌ نه‌ك ته‌نیا هاووڵاتی ئێره‌، به‌ڵكو خاوه‌نی وڵاته‌كه‌ن".

سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاماژه‌ی به‌ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت له‌ رووی هه‌مواری یاسا په‌یوه‌سته‌كان به‌ پرسی وه‌به‌رهێنان كرد و گوتی: "له‌ مه‌سه‌له‌ی یاسای وه‌به‌رهێنانیش هه‌ندێك گۆڕانكاری پێویست بووه‌، ئه‌وانیش ئه‌نجامدراوون. هه‌مووشی بۆ ئاسانكاری و یارمه‌تیدانی ئێوه‌ بووه‌".

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌شیدا، به‌ره‌وڕووی وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆ گوتی: "ئینشه‌ڵڵا هه‌ر سه‌ركه‌وتووتر و ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بن. وڵاته‌كه‌شتان هه‌ر ئاوه‌دانتر ده‌بێت".

ئه‌م په‌یامه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران، له‌ میانی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی دوێنێ (28ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2020)دا هات، كه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆیی ئه‌نجامیدا.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی حكومه‌ت، "لە کۆبوونەوەکەدا، کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەیبوو، گفتوگۆ دەربارەی کارنامەی کابینەی نۆیەم تایبەت بە پەرەپێدانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستان کرا".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتبوو: "سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت، وەبەرھێنەرانیان دڵنیا کردەوە کەحکومەتی ھەرێم پشتیوان و رێخۆشکەر دەبێت بۆ پرۆسەی وەبەرھێنان و نەھێشتنی رووتین لە دامودەزگاکانی حکومەتدا".

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، "سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، هەرێمی کوردستان لە رووی ماددی و مرۆییەوە دەوڵەمەندە. دەرفەتی ئەوە هەیە ببێتە بنکەیەکی بازرگانی گرنگ لە عێراق و ناوچەکەدا. داواشی لە کەرتی تایبەت کرد، هاوکاری حکومەت بکەن لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابووری و بەکارخستن و دۆزینەوەی هەلیکار بۆ گەنجەکانمان لە کەرتی تایبەتدا، کە پێویستە زیاتر گرنگی بە گەنجانی هەرێمی کوردستان بدرێت لە دەرفەتەکانی کارکردندا".