ئێلۆن ماسک لە هەر خوولەکێکدا 38 ملیۆن دۆلار قازانجی دەكات
K24 - ھەولێر
ئاژانسی بلوومبێرگ بڵاویکردووەتەوە، ئێلۆن ماسک سەرمایەدار و ملیاردێری ئەمەریکی، بەهۆی بەرزبوونەوەی پشکەکانی کۆمپانیای تێسلا قازانجی خەیاڵی لە مامەڵەکانی رۆژی چوارشەممەدا تۆمار کردووە.
ئەو ئاژانسە ئەمەریکییە ئاماژەی بەوەداوە، سامانی ئێلۆن ماسک لە یەک کاتژمێری مامەڵەکردندا دوو ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە، واتا لە هەر خوولەکێکدا ئەو کەسایەتییە 38 ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە،و قازانجی هەر چرکەیەکیشی 638 هەزار دۆلار بووە.
هۆکاری ئەو بەرزبوونەوەیەش ئەوەیە ماسک خاوەنداری 22% پشکەکانی کۆمپانیای تێسلا دەکات، کە لە مامەڵەکانی رۆژی چوارشەممە بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکە 12% بۆ 649 دۆلار بۆ هەر پشکێک بەرزبووەوە.
بەگوێرەی داتاکانی بلوومبێرگ ئەو بەرزبوونەوەیە سامانی ئێلۆن ماسکی بۆ 36 ملیار دۆلار بەرزکردووەتەوە.
ھ.م