ئێف16 خەمێكی دیكە بۆ عێراق زیاد دەكات

ئەمەریكا پسپۆڕانی بواری فڕۆكەی ئێف16 لە عێراق دەكشێنێتەوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

گوتەبێژی ھێزی ئاسمانی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی پێدانی چەک و مووشەکی فڕۆکەی ئێف16 بە عێراق رگرتووە، شارەزایەکی بواری ئەمنی دەڵێت "ئەم بڕیارە کاریگەری گەورە دەکاتە سەر توانای ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و پڕۆسەی دروستکردنی سوپای عێراق رادەگرێت".

دوای ئەوەی بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریكا رایانگەیاند، وڵاتەكەیان پێدانی چەک و مووشەکی دژە فڕۆکەی بە عێراق راگرتووە، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر توانا بەرگری و ئەمنییەکانی سوپای عێراق، نوێنەرێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق پێیوایە بڕیارەکە زیانی زۆری بۆ عێراق دەبێت و ئەستەمیشە ھیچ وڵاتێک بتوانێت بە وێنەی ھێزەکانی ئەمەریکا پاڵپشتی لە ھێزەکانی عێراق بکات.

ھێزی ئاسمانی عێراق لە رابردوو بەردەوام پشتی بە ئەمەریکا بەستووە، بۆ رووبەڕووبونەوەی داعش و گرووپەکانی دیکە، شارەزایەکی بواری ئەمنی رای وایە، ئەم بڕیارەی ئەمەریکا وەکو کاردانەوەیەک وایە بەرامبەر بە عێراق، کە ئێستا واھەست دەکرێت چوەتە بەرەی بەرگریکردن لە ئێران، بۆیە ئەم بڕیارە سوپای عێراق لاواز دەکات و پڕۆسەی دروست کردنی سوپای عێراقیش رادەگرێت.

ئەم ھەنگاوەی ئەمەریكا دوای ئەوە دێت، كە لایەنە شیعەكانی عێراق لە پەرلەمان دەنگیدا بۆ ئەوەی ھێزە بیانییەكان بەتایبەتی ئەمەریكا عێراق جێبھێڵێ، لەگەڵ فشارەكانیش چەند جارێك بە مووشەك ھێرش كراوەتە سەر باڵچۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا.