زستان دۆخی كۆڵبەران دژوارتر دەكات

رۆژانە زیاتر لە 100 ھەزار كەس لە رۆژھەڵاتی كوردستان كۆڵبەری دەكەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

كۆڵبەری لە رۆژانی ئاساییشدا كارێكی سەخت و تاقەت پڕوكێنە، بەڵام لە وەرزی زستان و سەرمادا دۆخەكە دژوارتریش دەبێت، لەگەڵ ئەوەش كۆڵبەرانی رۆژھەڵاتی كوردستان بە ناچاری لەو سەھۆڵبەندانەشدا رۆژانە بارێكی قورس بە كۆڵیاندا دەدەن و رێگەیەكی زۆر دەبڕن بۆ ئەوەی بتوانن ژیانی خێزانەكانیان دابین بكەن.

كۆڵبەران لە وەرزی زستان، وەكو تایەی ئۆتۆمبێل زنجیر لە پێڵاوەكانیان دەبەستن، بۆ ئەوەی لە بەفر و سەھۆڵی ئەو كێوانەدا نەخزێن، لە ھەندێك شوێن خزین و كەوتن رەنگە دوا خزینیان بێت و بكەونە ناو دۆڵە قووڵە پڕ لە بەفرەكان. كۆڵبەرانی رۆژھەڵاتی كوردستان زستانان لە بەفرو باھۆز و كرێوەشدا ناچارن ئەو بارە قورسە بەسەر كۆڵیاندا بدەن و چەندین كاتژمێر رێگەی ھات و نەھات ببڕن.

زیاتر لە 100 ھەزار كۆڵبەر لە رۆژھەڵاتی كوردستان، رۆژانە بارێكی 10 بۆ 50 كیلۆگرامی بە كۆڵیاندا دەدەن بۆ ئەوەی داھاتێكی 50 بۆ 300 ھەزار تمەنی پەیدا بكەن، وەرزی سەرما بۆ كۆڵبەران لە ھەموو وەرزەكان قورسترە، چونكە جگە لە مەترسی ھەڵدێران و تەقەی ھێزە ئەمنییەكان، مەترسی رەنوو و رەقبوونەوەو ژێر بەفركەوتنیشیان لەسەرە. بەشێوەیەك كە لە ساڵی 2019-دا 76 كۆڵبەر گیانیان لەدەستداوەو 176 كەسی دیكەش بریندار بوونە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆیان گوتەنی ناچارن و دەبێ بچن.

چەندین جار پەرلەمان و حكوومەتی ئێران بەڵێنی ئەوەی داوە كە كۆڵبەرەكان رێكبخاتەوە یان جێگرەوەیەكیان وەكوو كارو پیشە بۆ بدۆزێتەوە، بەڵام تاكوو ئێستاش بە پاساوی قاچاغ كۆڵبەران دەكوژرێن، لەكاتێكدا رەسوڵ خزری نوێنەری خەڵكی پیرانشارو سەردەشت لە پەرلەمانی ئێران بە رۆژنامەی ئیعتمادی گوتووە كە %5-ی ھەموو ھاوردەی ئێران لە رێگەی كۆڵبەرییەو 99.5%-ی قاچاغی ئێران لە رێگەی بەندەرەكان و دەستڕۆیشتووەكان دەكرێت.

ھ.م