ھۆكاری دواخرانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ئاشكرا دەكرێت

"رەنگە ھەموار كردنەوەی پەیڕەو بە سێ كۆبوونەوەش تەواو نەبێت"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بڕیار بوو رۆژی چوار شەممەی ئەنجوومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی كوردستان، بۆ ھەمواری پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەیان کۆببێتەوە، بەڵام كۆبوونەوەكە دواخرا، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ھۆكارەكەی بۆ ئامادەنەكردنی پەیڕەو دەگێڕێتەوە و دەڵێ "رەنگە ھەموار كردنەوەی پەیڕەو بە سێ كۆبوونەوەش تەواو نەبێت".

مستەفا چاو رەش، ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتی بە كوردستان24ی راگەیاند: "لەبەر ئەوەی پەیڕەو ئامادەنەكرابوو نەمانتوانی 29ی مانگ كۆببینەوە، بۆیە رۆژی شەممە كۆبوونەوەكە ئەنجامدەدەین".

گوتیشی: "ھەمواركردنەوەی پەیڕەو بە سێ كۆبوونەوەی دیكەش تەواو نابێت، چونكە زۆرە و ئەو شتانەی پێویستە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت".

لە کۆنگرەدا ئەنجوومەنێکی نوێ بە ناوی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی پێکھێنرا، کە ئێستا دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی ئەو ئەنجوومەنە زۆرترین قسەیان لە بارەوە دەکرێت، ئەندامانێكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و پاراستنی یەکێتی باس لە دیاری کردنی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنەکەیان دەکات.

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەكێتی بۆ كوردستان24 گوتی: "ئێمە پڕۆژە دەسەڵاتەكەمان نووسیوە و داومانە بە كاك كۆسرەت، ئەویش ناردویەتی بۆ ئەنجوومەنی گشتی، گفتوگۆ دەكەین، ئیتر دەكەوینە گفتوگۆ بۆ ئەوەی ھەم دەسەڵاتی ئەوان و ھەمیش ھی ئێمە دیار بكرێت".

ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە ئەنجوومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتی كۆببیێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی ھەموار كردنەوەی پەیڕەوی حزبەكە بكەن.

پەیڕەوی ناوخۆیی یەکێتی لە 77 ماددە و 9 بەش پێکھاتووە، لەنێو ئەندامانی ئەنجوومەنیش دەنگی لەسەر دەدرێت و ڕەنگە بڕگەیەک یان مادەەیەک زیاد بکرێت یاخود کەم بکرێتەوە، ھاوکات یەکێتی چەند ئۆرگانێکی نوێ دروست دەکات و ئەندامی نوێش بۆ ئۆرگانەکان دادەنێت.