ڤایرۆسی کۆرۆنا نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی نۆ مانگی رابردوو دادەبەزێنێ

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو بۆ ئاستی 56 دۆلار دابەزیوە

K24 - ھەولێر

بەهۆی کەمبوونەوەی بەردەوامی ورەی وەبەرهێنەران بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە بەهۆیەوە بەشێکی کەرتی پیشەسازی چینی پەکی کەوتووە، نرخی نەوت بەردەوامە لە دابەزین.

بۆ خۆپاراستن لەو ڤایرۆسە کوشندەیە بە درێژایی ئەم هەفتەیە کارگەکانی چین بە داخراوی دەمێننەوە.

گرێبەستە داهاتووەکانی نەوتی خاوی برێنت بە 56 دۆلار و 65 سەنت داخرا، و گرێبەستە داهاتووەکانی نەوتی سووکی تێکاساسیش بۆ 51 دۆلار و 62 سەنت دابەزی.

بەمەش نرخەکان بە رێژەی 15% لە مانگی کانوونی دووەمدا دابەزین، کە ئەوەش گەورەترین دابەزینە لە مانگی ئایاری ساڵی رابردووەوە.

هاوکات دەسەڵاتدارانی چین گواستنەوەی گشتی و زۆربەی کارگەکانی لە بەشێک لە شارەکانی داخستووە، ئەوەش گورزێکی بەهێزی لەسەر خواستی نەوت داوە، چونکە چین یەکەم هاوردەکاری نەوتە لە جیهاندا.

لە لایەکی دیکەوە پێشبینی ناکرێت بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە نوێ زوو رێگری لێ بکرێت، چونکە دوێنی هەینی چین داخرانی کارگەکانی تا 10ـەی ئەم مانگە درێژکردەوە.

ھ.م