گۆڕان: ره‌خنه‌كان به‌ هه‌ند وه‌رده‌گرین

گۆڕان هه‌وڵی خۆڕێكخستنه‌وه‌ ده‌دات
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بزووتنەوەی گۆڕان بە مەبەستی ئامادەسازی زیاتر بۆ خۆنوێکردنەوە و یەکخستنەوەی گوتاری سیاسی بزووتنەوەکە، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای گۆڕان و رۆشنبیران و رەخنەگران دیدارێکی لە سلێمانی ساز کرد، ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی گۆڕانیش دەڵێت، ئەو رەخنانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە بە ھەند وەریدەگرن.

لە ھەنگاوێکی نوێداو بە بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دیدارێکی لە ژێر ناونیشانی "دیداری گۆڕان" رێکخست، کە باس کردن بوو لە کێشە و گرفت و بابەتە فکرییەکانی بزووتنەوەکە بۆ قۆناخی داھاتوی کاری سیاسی، ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان دەڵێت، پێویستە گوتاری سیاسیی بزووتنەوەکە بخەینەوەو ئەو رەخنانەی لێشمان دەگیرێت بە ھەندی وەردەگرین.

عەدنان عوسمان، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان بە كوردستان24ی راگەیاند: "دەمانەوێت كار لەسەر ئەوە بكەین كە گۆڕان ئامادەیی ھەبێت لەناو كۆمەڵگە لە ھەموو بوارەكاندا و قسەی خۆی ھەبێت".

بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری لە كابینیە نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانکردووە و چەند وەزارەتێکی ھەیە، پەرلەمانتارێکیان رایدەگەیەنێت، ئامانجی نیشتیمانیان ھەیە، بەڵام بە پێی قۆناخەکە ھەنگاو و سیاسەتەکانیان گۆڕانکاری بەسەردا دێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

بڕٍیارە دەرئەنجامی گفتوگۆکانی ئەم دیدارەی گۆڕان ببردرێتەوە بۆ جڤاتی نیشتمانی، لەوێ خاڵ بە خاڵی گفتوگۆی لەسەر بکرێت و وەک بناغەیەک بۆ کاری سیاسی داھاتووی گۆڕان سودی لێ وەربگیرێت و لە داھاتووشدا ئەم جۆرە دیدارانە لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە بەردەوام بێت.

ھ.م