"عەلاوی تیروانینی باشی بۆ مافەکانی گەلی کورد هه‌یه‌"

"دیار نییه‌ ئاخۆ پشكی كورد له‌ حكوومه‌تی عه‌للاوی وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه‌ یان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت"
kurdistan24.net

K24- سلێمانی:

دوای ڕاسپاردنی محمد ته‌وفیق عەلاوی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، لایەنەکان چاویان لەو پشکانەیە کە لە کابینەی نوێی حکوومەتدا بەریان دەکەوێت، کوردیش وەك پێکھاتەیەکی سەرەکی عێراق، ڕۆڵی لە بەشداریکردن لەو حکومەتەدا دەبێت، نوێنەرێکی کورد دەڵێت: پشکی کورد لەوەی خراپتر نابێت کە لە کابینەی ڕابردوودا ھەیبووه‌.

میران محه‌مه‌د، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دووپاتی كرده‌وه‌: عەلاوی ھەر دەبێت دانوستان لەگەڵ لایەنەکان و کوتلەکانی نێو پەرلەمان بکات، گوتیشی: پشکی کورد لەوە خراپتر نابێت کە لە کابینەی ڕابردوودا ھەیبووه‌.

له‌لایكی دیكه‌وه‌ موسه‌نا ئه‌مین، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێت: تا ئێستا دیار نیە عەلاوی حکومەتێکی کاتی پێک دەھێنێت یاخود بۆ چەند ساڵێك بەردەوام دەبێت، بۆ پێکھاتەی حکوومەتەکەشی مەرج نیە دڵی ھەموو لایەنەکان ڕازی بکات، ئه‌و پیوایە لەگەڵ عەلاوی دانیشتنیان کردووە و تیروانینی بۆ مافەکانی گەلی کورد باش بووە.

کورد لە پێکھاتەی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی بە ٣ وەزارەت بەشداربوو، ئەوانیش وەزارەتەکانی دارایی، داد و ئاوەدان کردنەوە و نیشتەجێکردن بوون، بەڵام تائێستا دیار نیە کورد لە حکوومەتی نوێ ھەمان جۆر و ژمارەی وەزارەتی دەبێت یاخود گۆڕانکاری بەسەردا دێت، ئەمەش لە گفتوگۆکانی پێكھێنانی حکوومەتی نوێ ڕوون دەبێتەوە.

H.B