رێکخراوێکی ئەڵمانی ئاماری خەتەنەکردنی کچانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات

رۆژی جیھانی لێنەبوردن لە خەتەنەكردنی ژنان

K24 – هه‌ولێر:

بەگوێرەی ئامارەکان، هێشتا خەتەنەکردنی مێیەنە لە هەرێمی کوردستان، مایەی هەڕەشەی تەندروستی جەستەیی و دەروونی بەشێک لە کچانە.

بەگوێرەی راپرسییەكی رێكخراوی وادی ئەڵمانی كە كار لە سەر ئەم دیاردەیە دەكات و لە ساڵی 2018 ئەنجامدراوە، 2 ھەزار و 997 كچ تیایدا بەشدار بوون و تەمەنیان لە  نێوان 8 تا 14 ساڵ بووە، دەركەوتوە لەو ژمارە کچە، 313 کەسیان خەتەنەكراون .

لە گەرمیان 29 حاڵەت، لە ھەولێر 120 حاڵەت و  لە رانیە 164 حاڵەت هەبوون. 

رێکخراوەکە ئاشکراشیکردووە، خەتەنەکردنی مێینە بە نهێنی بەردەوامە و 10.4% كچانی هەرێمی كوردستان خەتەنەكراون

ئەمەش لە کاتێکدایە، بە گوێرەی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2011 پەرلەمانی كوردستان، خەتەنەكردنی كچان بە گشتی قەدەغەكراوە و ئەگەر كەسانێكیش ئەم كارە بەرامبەر كچان ئەنجامبدەن، دووچاری سزای زیندان و ماددی دەبنەوە.

ئەمڕۆ رۆژی جیھانی لێنەبوردنە لە خەتەنەكردنی ژنان، لە بەشێک لە وڵاتە دواکەوتووەکان کە هێشتا ئەم کارەی تێدا دەکرێت، هەڵمەتی جیاواز ئەنجام دەدرێت.

H.J