دڵنیایی به‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌درێت

كار لەسەر زیادكردنی داھات و ھەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی دەكرێت
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە کوردستان ٢٤ی گوت، حکوومەت بەمزوانە داهاتی خۆی لە ڕێگای ڕێکخستنەوەی باج و دەروازە سنوورییەکان و رسوومات زیاد دەكات.

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەشدا، بەمزوانە کەرتی بانك دووبارە ڕێکدەخرێتەوە.

هاوکات دارا ره‌شید، وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دا، لەوەی كه‌ ڕێکخستنەوەی باج بە هیچ شێوەیەك نابێتە هۆی ئەوەی بارگرانی لەسەر ھاووڵاتییان درووست بكات.

ئەم هەنگاوانەی حکوومەت دوای ئەوە دێت، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر زیادکردنی داهات و نەهێشتنی خەرجییە ناپێویستەکان کرایەوە، ئەمەش لە کاتێکدایه‌، پێشتر حکوومەت لە ساڵی رابردوو پرۆژەی پەیڕەوی تایبەت بە تیانووسی بازرگانی پەسەند کرد، کە میکانیزمی نوێ بۆ ڕێکخستنەوەی باج لەخۆ دەگرێت.

H.B