ھەدەپە و کۆنگرەی چوارەم

Kurd24

پارتێکی سیاسی کوردی - تورکی تەمەن ھەشت ساڵ، کە مێژووی درووستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2012 بەرمەبنای واقیعی سیاسی تورکیا و باکووری کوردستان و دۆخی ئەو کاتی خۆپیشاندانەکانی شەقام و مانگرتنی زیندانیان و پێکھێنانی ئەنجومەنی عاقڵمەندانی کورد و تورک بۆ چارەسەریی بنەڕەتی کێشەکانی نەتەوەی کورد، ھەدەپە لەسەر دەستی سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەكداخ و کۆمەڵێک چالاکوان و خەباتکاری کورد و تورک ھاتە بوون، بە بیر و ئایدیۆلۆژیایەکی مەدەنی و شۆڕشگێریی مۆدێرن کە گوزارشت بوو لەو دۆخە سیاسییە نابەرابەرەی کە پارتی فەرمانڕەوای تورکیا ئاکپارتی خوڵقاندبووی.

ئێستا کە زۆرترین سەرکردە و رەمز و دەموچاوە دیارەکانی ھەدەپە لە زیندان توندکراون، بە ھاوسەرۆکەکانیانەوە، بێگوێدان بە زەبروزەنگ و فشار و رەشەکوژیی و سیاسەتی قەییوم و دەسەڵات و دەوڵەتی قووڵی ئاکپارتی، ھێشتا بە جەسارەتەوە خەریکی خۆنوێکردنەوەن، 23-2-2020، چوارەمین کۆنگرەی خۆیان دەبەستن لە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا، دەیانەوێت بەربەستەکان تێک بشکێنن و گوتار و دیسکۆرسی خۆیان دابڕێژێژنەوە، کە بگونجێت لەگەڵ پاشھاتەکاندا، ھەرگیز بیر لەوە ناکەنەوە  چی دەگوزەرێت، ئەوان وەک حیزبێکی نوێی رادیکاڵ و ئۆپۆزسیۆنێکی سەردەم و عەقڵانی بیردەکەنەوەو خەریکی درووستکردنی سەرکردەو سیمبولی مێژووکردن، بەھێواشی ھەنگاو دەنێن، گرتن و کوشتن تۆنیان تێکنادات، ورەبەرزن بۆ خەباتی مەدەنی و شار، بۆ بەرگریی و مانەوەو کێبرکێی دەسەڵات تێدەکۆشن، کۆنگرەی ئەمجارە کۆنگرەیەو نابێت بۆ ھیچ بیانویەک و پێشھاتێک دوابخرێت، ئەوەش دیسپلین و روانگەیەکی جددیەو دەکرێت سودی ھەبێت بۆ پارچەکانی تری کوردستان.

رەنگە ئەم پارتە، کە لە رابردوو سەرکەوتنی گەورەی تۆمار کرد لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی لە بەرەو کوالیسیۆنی چەپ و سیکولار و نەوەی دوەمی پارتی گەلی کۆماری CHP جەھەپە و ئەکرەم ئیمامئۆغلو، ئەویش بە بردنەوە شارەدارە گەورەکانی وەک ئەستەنبوڵ و ئەنکەرەو شارە گەورە کوردییەکان کە ئاکەپەیان دووچاری چەقبەستن و ئیحراجیەکی کوشندە کردەوە، ئێستاو لەم کۆنگرەیە کە لە ئەنکەرەی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆندا گرێ دەدرێت، فەزایەکی لەبارتر ھەیە بۆ بیرکردنەوەو داڕشتنەوەی پەیڕەو و پرۆگرام و بەرێوەبەرایەتی و ھاوسەرۆکایەتی، دەکرێت دەرفەت لەبار بێت رواڵەت و فۆرمێکی نوێ رەنگڕێژ بکەن بۆ دوو ساڵی ئایندە، یەک لەو فۆرمانە بە بڕوای من پاراستنی ھاوپەیمانێتی ستراتیجی ھەڵبژاردنەکانی پێشووە لەگەڵ دۆستەکانیان کە گەمەیەکی جوانیان پیشانداین و دەسەڵاتیان ملکەچی ھەندێک سازش کرد و لەو فۆرمەی خۆیدا رایانگرت، دیوێکی دیکەی ئەم کۆنگرەیە دەشێت خۆڕاپسکان و تەکاندن بێت لە چەک و توندوتیژیی گەریلایی و ئەوەی کە لە رابردوو پێی تۆمەتبارکران بە خەندەقلێدان و ھەناردەی کادیر بۆ قەندیل، بەواتایەکی سادە وازھێنان لە ھەندێک کاریگەری نەگەتیڤی ئایدیۆلۆژیای قەندیل و ئیمراڵی و مۆتیڤی زمانەوانی ئاپۆچی و نەزعەی شاخگەری بەسەر بڕیارەکانیانەوە، دەکرێت بڵێین رەنگە دووساڵی داھاتووی ئەم پارتە ھەوڵدان بێت بۆ فڕینی سرووشتی و سەما بە باڵەکانی خۆیان بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی، ئەمەش ھەم بۆ ھاوسەنگی ناوخۆیی و ھەم بۆ رووبەرووبوونەوەی دەسەڵات و گۆڕین و ریفۆرمی ھەندێک بەندو یاسا کە ئاکەپە نەتوانێت بە ھەندێک مادەی دەستووریی و عورفیی دەستیان بۆ بەرێتەوە، وەک  زیندانیکردنیان و داخستنی پارت و سیاسەتی قەیوم و فشاری بەردەوام لەسەریان، ئەمەش بە ھێزی مەدەنی و دیبلۆماسی و سیاسەتی ژیردەکرێت کە لە کۆنگرە فۆڕمۆڵە بکرێت کە رەنگە کۆمەڵگای رۆژئاوایی و ئەمریکاو ئەوروپاش پشتگیریی ئەم کۆنسێبتە بکەن.