لە قامشلۆ ھێرش كرایە سەر ھێزەكانی ئەمەریكا

ھێرشكرایە سەر زرێپۆشەكانی ئەمەریكا

K24 - قامشلۆ

لە گوندێكی سنووری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان، ھێرشكرایە سەر ھێزەكانی ئەمەریكا و پێكدادان لەنێوان ھێزەكانی ئەمەریكا و گوندنشینە عەرەبەكان روویدا.

لاڤە ئەحمەد، پەیامنێری كوردستان24 لە شوێنی رووداوەكە رایگەیاند: "كاروانێكی ھێزەكانی ئەمەریكا دەیانویست بچنە ناو گوندی خەربەت حەمۆ لە سنووری قامشلۆ، كە لەژێر دەسەڵاتی سوپای سووریا دایە، لەوكاتە چەند چەكدارێكی عەرەبنشینی گوندەكە ھێرشیان كردە سەر زرێپۆشەكانی ئەمەریكا، لەوكاتە شەڕ روویدا".

گوتیشی: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان كەسێكی دانیشتووی گوندەكە كوژراوە و چەند كەسێكی دیكەش بریندارن".

ئاماژەی بەوەشكرد: "دانیشتوانی گوندەكە كە بەشێكیان چەكدارن و سەر بە رژێمی سووریان، دەڵێن نابێ ھێزەكانی ئەمەریكا بێنە ناو گوندەكەمان".

پەیامنێرمان راشیگەیاند: "ھێزەكانی رژێمی سووریا رێگری لە كەناڵە كوردییەكان دەكەن لە شوێنی رووداوەكە نزیك ببنەوە".

لاڤە ئەحمەد، روونیكردەوە: "لەو ناوچەیەی كە شەڕ لێی رووداوە، ھێزەكانی رووسیا و رژێمی سووریا و ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ھەن".

ھ.م