بۆ به‌شداریكردن له‌ حكوومه‌تی نوێی عێراق پارتی مه‌رجی هه‌یه‌

یه‌كێتیش داوای رێكه‌وتنێك بۆ دروستبوونه‌وه‌ی عێراق ده‌كات
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

مەرجی پارتی بۆ بەشداریکردن لە کابینەکەی محەممەد ته‌وفیق عەللاوی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ده‌بێت دەستوور وەك خۆی جێبەجێ بکات و یەکێتیش داوای رێککەوتنێك دەکات، بۆ دووبارە دروستکردنەوەی عێراق.

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆ کوردستان ٢٤ دووپاتی كرده‌وه‌، پێویستە محەممەد ته‌وفیق عەللاوی بەڵێن بدات، کە دەستوور وەك خۆی جێبەجێ ده‌کات، نەوه‌ك بە ئارەزووی خۆی.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەڵێت: عێراق لە دروستبوونەوە دایە و پێویستمان بە ڕێكکەوتنێکی نوێی هاوشێوەی ئەو رێككه‌وتنه‌یه‌، كه‌ لە ٢٠٠٣ بۆ بونیادنانەوەی عێراق له‌ نێوانماندا هه‌بوو.

یەکلاکردنەوەی بەرکەوتەی لایەنەکان و دیارکردنی وەزیرەکان و دروستکردنی هاوپەیمانێتیی نوێ، بۆ پێکهێنانی حکوومەت، هەموو ئەو بەربەستانەن کە کەوتوونەتە بەردەم محەممەد ته‌وفیق عەلاوی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت، به‌ڵام لێکدانەوەکان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسانە وا دەکات بەم نزیکانە سەقامگیریی سیاسی لە عێراقدا نەیەتە دی.

H.B