کۆمپانیاکانی میسر قەبارەی هاوکارییەکان لەگەڵ عێراق بەرزدەکەنەوە
K24 - ھەولێر
تارق مەلا، وەزیری نەوتی میسر رایگەیاند، کۆمپانیاکانی نەوتی میسر دەیانەوێت قەبارەی هاوکاری و بەشداریکردنیان لە پڕۆژەکانی کەرتی نەوتی عێراقدا بەرزبکەنەوە.
نووسینگەی وەزیری نەوتی میسر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، تارق مەلا، وەزیری نەوت جەختی لە پەرەپێدان و گەشەپێدانی پەیوەندییە دوو لایەنەکانی لەگەڵ عێراق لە سەرجەم بوارەکان کردووەتەوە لەنێویشیاندا بوارەکانی نەوت و گاز.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە چەند ساڵی رابردوودا ئاستی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق بەرەوپێشچووە و لە بواری نەوت و گازدا یاداشتنامە لەنێوان هەردوو وڵات واژۆکراوە، ئەمە جگە لەو گرێبەستەی ساڵانە 12 ملیۆن بەرمیل نەوت لە عێراق هاوردە دەکرێت.
وەزیری نەوتی میسر ئاماژەی بەوەداوە، هەردوولا ویستیان بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان و قەبارەی هاوکارییەکان لەسەرجەم بوارەکاندا هەیە.
ھ.م