ترەمپ لەبارەی ھواوی هەڕەشە دەكات

"هەر وڵاتێک مامەڵە لەگەڵ هواوی بکات زانیاری هەواڵگری لەگەڵ ئاڵووگۆڕ ناکەین"

K24 - ھەولێر

ریتچارد گرینیل باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەڵمانیا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی کردووە، کە زانیاری هەواڵگری لەگەڵ وڵاتە هاوپەیمانەکانی ئاڵووگۆڕ ناکات کە مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیای هواوی دەکات.

واشنتن گوشاری کردووەتە سەر هاوپەیمانەکانی کە کارەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای هواوی راگرن بە تایبەت لە سوود وەرگرتن لە خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی نەوەی پێنجەم.

گرێنێل رایگەیاند کە سەرۆکی ئەمەریکا رایسپاردووە، روونکردنەوەی بە وڵاتان بدات، کە هەر وڵاتێک تۆڕی نەوەی پێنجەمی هواوی بەکاربهێنێت، ئەوا بێ بەش دەبێت لە ئاڵووگۆڕ کردنی زانیاری هەواڵگری لەگەڵ واشتنتن.

گرێنێل دەڵێت، رۆژی یەکشەممە دۆناڵد ترەمپ لە نێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیوە پەیوەدنی پێ کردووە داوای لێکردووە ئەو نامەیە بگەیەنێت.

ئەمە لە کاتێکدایە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمەریکا وڵاتانی ئەوروپین، بە تایبەت بەریتانیا و فەرەنسا کە رایانگەیاندووە، هاوکارییەکانیان لەگەڵ هواووی بۆ دامەزراندنی تۆڕی نەوەی پێنجەم راناگرن، بەڵام رێوشوێنی پێویستی بە سەر ئەو کۆمپانیا چینیە دەسەپێنن.

سەرەڕای ئەوەی ئەەمریکا بە شێوەیەکی ئاشکرا خۆی لە دەربڕینی هەڵوێستەکانی پاراستووە، بەڵام بە گوێرەی راپۆرتە هەواڵییەکان ترەمپ لە لەندەن زۆر توڕەیە.

هاوکات لە کۆڕبەندی ئاسایشی میونشن مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، هواوی ئەسپی تەورادەیە بۆ هەواڵگری چینی.

لەبەرامبەردا کۆمپانیای هواوی چینی بە توندی ئەو تۆمەتانەی ئەمریکا رەتدەکاتەوە کە پەیوەدنی لەگەڵ حکوومەتی چین هەبێت و دەڵێت واشنتن ئاستەنگ لەبەردەم کارەکانمان دروستدەکات.

هاوکات دادگای ئەمەریکاش کۆتایی هەفتەی رابردوو، چەندین تۆمەتی دیکەی ئاراستەی کۆمپانیای هواووی کرد کە پەیوەستن بە دزینی بیرۆکەی داهێنان، کە پەیوەستە بە تۆمەتەکانی پێشووی بەوەی ئەو کۆمپانیا چینییە نهێنی بازرگانی کۆمپانیای 'تی مۆبایل'ـی ئەمەریکی بۆ پەیوەندییەکان دزیوە.

ھ.م