پێداچوونەوە بە لیستی ناوی خاوەن پێداویستییە تایبەته‌کان دەکرێت

لە ساڵى 2012 ناوى هيچ خاوەن پێداویستییەکى تایبەت لە هەرێمى کوردستان تۆمار نەکراوە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە مەبەستى تۆمارکردنى ناوى ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی لە ساڵى 2012 ناویان تۆمار نەکراوە لیژنەیەکى لە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و وەزراتى تەندروستى و وەزارەتى دارایى راسپاردووە، بۆ پێداچوونەوە بە ناوى خاوەن پێداویستى تایبەت هەروەها ئەو خاوەن پێداویستیانەى تاکو ئێستا ناویان تۆمار نەکراوە.

بەپێى یاساى ژمارە 22ساڵى 2011، کە تایبەتە بە ماف و ئیمتیازاتى خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان، مووچەیەك لە ژێر ناوى   هاوکاری کۆمەڵایەتى، لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بۆیان دەبڕێتەوە، بۆ هەر خاوەن پێداویستیەك کە بڕەکەى لە نێوان 100 هەزار بۆ 150 هەزار دینار دەبێت، خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانیش داواکاریان لە حکومەت زیادکردنى  رێژەى مووچەکانیانە بەپێی رێژەى کەمئەندام بوونیان.

لە ساڵى 2012 ناوى هيچ خاوەن پێداویستییەکى  تایبەت لە هەرێمى کوردستان تۆمار نەکراوە، بەپێی ئەو خەملاندنانەى کە لە بەدواداچوونەکانى   سێ مانگى رابردوو وەزراتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى ئەنجام دراوە، 25 هەزار هاووڵاتى کە بە هۆکارى زکماکى، یاخود بەهۆى رووداوى جیاواز کەمئەندام بوون.

ھ.م